د.بەشیر حەداد، سەردانی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان کرد و جەختی لەسەر گرنگی ھاوکاری و ھەماھەنگی نێوان رێكخراوەكانى ئافرەتان و ئەنجومەنی نوێنەران کردەوە

رۆژی پێنجشەممە ١١ ئاداری ٢٠٢١، دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەشاری ھەولێر سەردانی بارەگای یەکێتی ئافرەتان کوردستان کرد، و لەلایەن د.ڤیان سليمان سکرتێری یەکێتی ئافرەتانى کوردستان و ژمارەیەک لە ئەندامانی سکرتاریەتیەوە پێشوازی لێکرا.
لە دیدارێکدا دکتۆر بەشیر حەداد، پیرۆزبایی ڕۆژی جيهانيى ئافرەتان 8ى مارسى لێکردن و ھیوای بەردەوامی و سەرکەوتنی بۆ خواستن لە کارەکانیاندا.
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژەی بە ڕۆڵی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان کرد لە رابردوو و ئێستاش دا و رایگەیاند کە ڕۆڵی گرنگیان گێڕاوە لە ھۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە بەگشتی و ئافرەتان بەشێوەیەکی تایبەتی و ھیواشی خواست ئەو رۆڵە به باشترین شێوە بگێڕن.
دکتۆر بەشیر حەداد، راشیگەیاند کە رێكخراوەكانى ئافرەتان له کوردستان ئەرکێکی قورسیان لەسەرشانە و ھیوادارین بتوانن ئەو ئەرکە زۆر بەباشی جێبەجێ بکەن چونکە لە رابردوودا کاری زۆر باش کراوە و بە پێویستیشی زانی نەوەی داھاتوو ئاگاداری مێژوو و رابردووی خۆیان بن و شا ژن و کەڵە ئافرەتانی كوردستان بناسن رۆڵیان بەرز رابگرن.
حەداد، بەپێویستیشی زانی ھاوکاری و ھەماھەنگی ھەبێت له نێوان ئەنجومونی باڵای خانمان و یەکێتی ئافرەتان و تەواوی رێکخراوەکانی كوردستان و نێوان ئەنجومەنی نوێنەران و ھەر پێشنیارێکیان ھەبێت لەسەر پرۆژە یاساکان بەشێوەیەکی گشتی و ئەو پرۆژە یاسایانەی پەیوەندییان بە ئافرەتان و ژنان و خێزانەوە ھەیە بەشێوەیەکی تایبەتی بیدەنە ئەنجومەنی نوێنەران.

‎نووسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
‎پێنجشەممە ١١ئاداری ٢٠٢١