د.بەشیر حەداد سەردانى بەرێوەبەرايەتى گشتی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستانی کرد

دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە شاری هەولێر، سەردانی بەرێوەبەرايەتى گشتی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستانی کرد و لەلایەن شێخ نیاز راغب نەقشبەندی، بەرێوەبەرى گشتی و فەرمانبەرانەوە پێشوازی لێکرا.
لە سەرەتای دیدارەکەدا جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، پیرۆزبایی لە شێخ نیاز کرد، بەبۆنەی وەرگرتنی پۆستە نوێیەکەیەوە و هیوای سەرکەوتن و بەردەوامی بۆ خواست و ئاماژەشی بەوەدا کاری نوێی ئەرکێکی پیرۆزە و خزمەتکردنە بە تەواوی ئەو موسڵمانانەی کە سەردانی ماڵی خودا دەکەن بۆ حەج يا عومرە.
حەداد راشیگەیاند، پيوسته بەردەوام جەخت بکرێتەوە لەسەر ھۆشیاری تەندروستی و پابەند بوون به رێکارەکانی خۆپارێزی، تاوەکو پرۆسەکە به شێوازێکی دروست ئەنجام بدرێت.
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، جەختیشی کردەوە لەسەر زیاتر هاوکاری و هەماهەنگی لە نێوان بەرێوەبەرايەتى گشتی حەج وعومرەی هەرێمی کوردستان و دەستەی حەج و عومرەی فیدراڵی، وه ئامادەیی خۆیشی پیشاندا بۆ هەر هاوکاری و هەماهەنگییەک لەو بوارەدا .

نووسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
سێشەممە ٢٠٢١/٨/١٠