بۆ نرخاندنی رۆڵیان له روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی كۆرۆنا.. به نوسراو.. كه‌عبی داوا له ئه‌میندارێتی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ده‌كات په‌له‌بكرێت له پێدانی پارچه زه‌وی به كارمه‌ندانی پزیشكی و ته‌ندروستی
به‌ڕێز حه‌سه‌ن كه‌عبی، جێگری یه‌كه‌می سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و سه‌رۆكی شانه‌ی قه‌یرانه‌كان له ئه‌نجومه‌ن، ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه 5ی ئه‌یلولی 2021 داوای له ئه‌میندارێتی گشتی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران كرد په‌له بكات له پێدانی پارچه زه‌وی به كارمه‌ندانی پزیشكی و ته‌ندروستی وه‌ك نرخاندنی ئه‌و قوربانیدانه به‌رجه‌سته‌یه‌ی داویانه له‌پێناو رێگرتن له بڵاوبونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆناو سنوردانی بڵاوبونه‌وه‌كه له عێراق.
كه‌عبی به نوسراوێكی ره‌سمی داوای له ئه‌مینداری گشتی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران كرد هاندان و پشتیوانی له كارمه‌ندانی كه‌رتی ته‌ندروستی بكرێت تا بتوانن زیاتر ببه‌خشن و رێنمایی بدرێت تا رێوشوێنه‌كانی پێدانی زه‌وی نیشته‌جێبون به سوپای سپی ته‌واوبكرێت و له مه‌رج و دیسپلینه‌كان ببوێردرێن و ئه‌و لایه‌نانه‌ش ته‌گه‌ره دروست ده‌كه‌ن یاخود پرۆسه‌كه دوا ده‌خه‌ن سزا بدرێن.
كه‌عبی ته‌ئكیدی لهوهشكردوهتهوه، گرنگی تایبه‌ت به‌و بابه‌ته بدرێت به‌وپێیه‌ی مافێكی بهدهستهاتوی سوپای سپییه‌و ئه‌و كارمه‌ندانه‌یه كه له ده‌زگاكانی ته‌ندروستی كارده‌كه‌ن و به‌ریه‌ككه‌وتنی راسته‌وخۆیان هه‌یه له‌گه‌ڵ به‌ركه‌وتوانی ڤایرۆسی كۆرۆنا.
نوسینگه‌ی راگه‌یاندنی
جێگری یه‌كه‌می سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران
٢٠٢١/٩/٥