سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران پێشوازی كرد لە چالاكوان نادیە موراد بەبۆنەی بەدەستهێنانی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی

محەمەد حەلبوسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران، ئەمرۆ چوارشەممە، لە نوسینگەی تایبەتی خۆی، پێشوازی كرد لە چالاكوان نادیە موراد بەدەستهێنەری خەڵاتی نۆبڵ-ی ئاشتی بۆ ساڵی 2018.
لەسەرەتای دیدارەكە بەرێزیان دوبارە پیرۆزبایی لە چالاكوانی عێراقی نادیە موراد كرد بە بۆنەی بەدەستهێنانی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی، تەئكیدی كردەوە سەركەوتنی هاوسۆزی جیهان دەردەخات بۆ قوربانیانی دەستی داعش لە عێراق و سەركەوتنی ژنانی عێراقی بە شێوەیەكی تایبەتی كە گەورەترین لاپەڕەی تەزحیەدانیان تۆمار كرد هەم لەو مامەڵە خراپەی كە لە سەردەمی تاریكی داعشدا لەگەڵیاندا دەكرا هەم لە پرۆسەی رزگاركردندا.
بەرێزیان وتیشی ” سەركەوتنی نادیە موراد لە بەدەستهێنانی ئەو خەڵاتە، دانپێدانانی ڕاستەقینەیە بە ئاستی ئەو تەزحیەدانەی كە عێراق لەبری جیهان داویەتی بۆ لەناوبردنی هێزی شەڕ و تاریكی”، جەختیشی كردەوە ” قۆناغێكی قورس بوو توانیمان بە عەزموو سوربوون تێپەرێنین، بۆ جیهانیشمان سەلماند ئێمە هەڵگری پەیامی پێكەوە ژیانی ئاشتیانەین و ستەم و هەموو ئەوانە ڕەتدەكەینەوە كە دەیانەوێت ئەمن و ئاسایشی پێكهاتەكانی گەلی عێراق تێكبدەن”.
هەر لە میانی دیدارەكەدا باس لە بارودۆخی شەنگال و ئەو كێشە و گرفتانە كرا كە بەرەبەستە لەبەردەم هاوڵاتیان بۆ بەدەستهێنانی پارەی تەرخانكراو بەمەبەستی ئاوەدانكردنەوە و قەرەبوكردنەوەی ئەوانەی زیانیان بەركەوتووە، بەرێزیان بەڵێنیاندا ئەو پرسە لە ئەنجومەنی نوێنەران بخاتەڕوو بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست لەبارەیانەوە، تەئكیدیشی كردەوە لەسەر پەرۆشی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ گرتنەبەری دادپەروەری لەگەڵ دانیشتوانی شەنگال.
لە كۆتایی دیدارەكەش سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران پەیكەری حامورابی پێشكەش بە چالاكوان نادیە موراد كرد لەبەرامبەر رۆڵی پێشڕەوی بۆ گەیاندنی دەنگی ژنانی رزگاربووی تیرۆر و توندوتیژی كۆمەڵگە بۆ نێوەندە نێودەوڵەتییەكان.
===============
نوسینگەی ڕاگەیاندنی
سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران
12 كانونی یەكەمی 2018