جێگری‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران به‌شداری‌ له‌ كۆنگره‌ی‌ گشتی‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان ده‌كات و جه‌خت ده‌كاته‌وه‌ له‌ سه‌ر گرنگی ڕۆڵی‌ ئافره‌ت له‌ پڕۆسه‌ی‌ سیاسیدا

جێگری‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران د. به‌شیر حه‌داد ئه‌مڕۆ پێنج شه‌ممه‌ 24/1/2019 به‌ئاماده‌بونی‌ نوێنه‌ری‌ تایبه‌تی‌ ئه‌مینداری‌ گشتی‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان خاتو جێنین هێنیس و ژماره‌یه‌ك له‌ ڕاوێژكارانی‌ یونامی‌ و باڵیۆزی‌ وڵاتان و نێرده‌ دبلوماسیه‌كان، به‌شداری‌ كرد له‌ كۆنگره‌ی‌ گشتی‌ نێرده‌ی‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان له‌ به‌غدا، به‌مه‌به‌ستی‌ ڕاگه‌یاندنی‌ ده‌ستپێكردنی‌ كاری‌ كۆمه‌ڵه‌ی‌ ڕاوێژكاری‌ ئافره‌ت تایبه‌ت به‌ ئاشتبونه‌وه‌و سیاسه‌ت.
حه‌داد وته‌یه‌كی‌ پێشكه‌شكرد تێیدا ستایشی‌ هه‌وڵ و كاره‌كانی‌ نێرده‌ی‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان له‌ عیراق كرد و هه‌نگاوی‌ ڕاگه‌یاندنی‌ كۆمه‌ڵه‌ی‌ ڕاوێژكاری‌ ئافره‌تانی‌ به‌رزنرخاند و جه‌ختی‌ كرده‌وه‌ له‌ سه‌ر گرنگی‌ به‌شداریكردنی‌ ئافره‌ت له‌ پڕۆسه‌ی‌ سیاسی و دروستكردنی‌ بڕیار و به‌هێزكردنی‌ ڕۆڵی‌ له‌ بواری‌ سیاسیدا.
جێگری‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌ن له‌ درێژه‌ی‌ وته‌كه‌یدا تیشكی‌ خسته‌ سه‌ر ڕۆڵی‌ گرنگی‌ ئافره‌ت له‌ ژیانی سیاسیداو ئه‌و حاڵه‌ته‌ی‌ به‌ دیارده‌یه‌كی‌ ساخله‌م و پۆزه‌تیڤ له‌ قه‌ڵه‌مداو گوتی كه‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران پاڵپشتی‌ هه‌ر پڕۆژه‌یه‌ك ده‌كات بۆ به‌هێزكردنی‌ پێگه‌ی‌ ئافره‌ت و لیژنه‌ی‌ یاسایی به‌رده‌وام ده‌بێت بۆ ده‌ركردنی‌ یاسای‌ پێویست بۆ پاڵپشتیكردنی‌ كاری‌ كۆمه‌ڵه‌ی‌ ڕاوێژكاری‌ ئافره‌تان تایبه‌ت به‌ ئاشتبونه‌وه‌و سیاسه‌ت و كاراكردنی‌ ڕۆڵی‌ له‌ كۆمه‌ڵگادا به‌ گشتی‌.

 

نوسینگه‌ی‌ ڕاگه‌یاندنی‌
جێگری‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران
24/1/2019