سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران چاوی بە بەرپرسی دۆسیەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە ئەنجومەنی وەزیرانی بەریتانی دەكەوێت

محەمەد حەلبوسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران، ئەمرۆ لە لەندەن، چاوی كەوت بە دكتۆر كریستیان تیرنز بەرپرسی دۆسیەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و جێگری ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی بەریتانی و راوێژكاری سەرۆك وەزیران بۆ كاروباری ئاسایش و ریشەكێش كردنی تیرۆر.
بەرێزیان لە میانی دیدارەكەدا پەرۆشی عێراقی نیشاندا بۆ پتەوكردنی پەیوەندیەكانی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی و ئیقلیمی و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش و رێزگرتن لەسەروەری یەكتری و دەستوەرنەدان لە كاروباری ناوخۆ، رونیشی كردەوە عێراق حەزناكات ببێتە گۆڕەپانی ناكۆكیەكان و هەوڵ دەدات ببێتە خاڵی بە یەكگەیشتنی هەموان.
سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران وتیشی عێراق لەشەڕەكەیدا بەسەر تیرۆردا سەركەوت، ئەو سەركەوتنەش بەدینەدەهات ئەگەر عێراق و عێراقیەكان لەلایەن هاورێكانی پشتیوانی نەكرایە، پێویستیشە پشتیوانیەكان بەردەوام بن؛ بۆ كۆتاییهێنان بە بیری توندڕەوی.
بەرێزیان داواشی كرد پشتیوانی عێراق بكرێت لە رێگەی دوبارە ئاوەدانكردنەوە و بەشداریكردنی كۆمپانیا بەریتانییەكان لەو بوارەدا، لەگەڵ گەڕانەوەی ئاوارەكان، و پشتیوانی هەواڵگری و ڕاهێنانی هێزە عێراقییەكان و كاركردن بۆ گەڕانەوەی سەقامگیری بۆ شارەكان، ئاماژەی بەوەشكرد عێراقێكی ئارام هۆكار دەبێت بۆ سەقامگیری ناوچەكە.
لای خۆیەوە تیرنز تەئكیدیكردەوە لەسەر بەردەوامی پشتیوانی وڵاتەكەی بۆ عێراق، و پابەندبوون بە پشتگیری كردنی لە روبەروبونەوەی بەربەستە ئەمنی و ئابوریەكان و هەوڵەكانی ئاوەدانكردنەوە.
===========
نوسینگەی ڕاگەیاندنی
سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران
28 كانونی دووەمی 2019