سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران چاوی بە وەزیری دەرەوەی ئێران دەكەوێت

محەمەد حەلبوسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران، ئەمرۆ چوارشەممە بە یاوەری شاندێكی پەرلەمان چاوەی كەوت بە محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران.
لە میانی دیدارەكە گفتوگۆ سەبارەت بە پتەوكردنی پەیوەندی دۆستانەی نێوان هەردوو وڵات كرا لەگەڵ دوا پێشهاتەكانی بارودۆخی ناوچەكە و فراوانكردنی ئاسۆی هاریكاری هاوبەش لەبواری ریشەكێش كردنی تیرۆر.
بەرێزیان تەئكیدی كردەوە لەسەر گرنگی هاریكاری نێوان عێراق و ئێران لەگەڵ وڵاتانی ئیقلیمی سەبارەت بەگەڕانەوەی ئارامی بۆ ناوچەكە و هەڵوێستی ئێرانیشی بەرز نرخاند لە پشتیوانیەكانی بۆ عێراق لەشەڕی دژ بە تیرۆر و پشتیوانی لە یەكگرتویی عێراق.
وتیشی، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی هیچ جۆرە مەترسی و هەرەشەیەك لەسەر وڵاتانی دراوسێی عێراق دروستناكات لە نێویشیاندا ئێران، رێگەش نادەن خاكی عێراق بەكاربهێنریت بۆ زیانگەیاندن بە وڵاتانی دراوسێ و بونیان تەنها بۆ پشتیوانی عێراقە لەشەڕی لەناوبردنی رێكخراوی تیرۆریستی داعش، ئاماژەی بەوەش كرد عێراق تا ئێستا پێویستی بە راوێژ و راهێنان و پشتیوانی هونەری هەیە بۆ لەناوبردنی شانە تیرۆریستیەكان و بیری توندڕەوی لەگەڵ هەوڵە نێودەوڵەتیەكان بۆ دوبارە گەڕانەوەی سەقامگیری و ئاوەدانكردنەوە و گەڕانەوەی ئاوارەكان، تەئكیدیشی كردەوە بونی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەڕەزامەندی عێراق بووە.
لای خۆیەوە زەریف سوپاسی هەڵوێستی عێراقی كرد سەبارەت بە دۆسیەی سزاكان و تەئكیدی كردەوە كە وڵاتەكەی پێی خۆش نییە عێراق ببێتە گۆڕەپانی ناكۆكیەكانی نێوان ئێران و وڵاتانی تر ئاماژەی بە رۆڵ و گرنگی عێراقیش كرد لە نزیككردنەوەی وڵاتانی ناوچەكە لەیەكتر.
======
نوسینگەی ڕاگەیاندنی
سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران
6 ئازاری 2019