د. به‌شیر حه‌داد له‌ یادی‌ (31) ساڵه‌ی‌ كیمیابارانكردنی‌ شاری‌ هه‌ڵه‌بجه‌ی‌ شه‌هیددا: به‌رهه‌می‌ قوربانیدانی‌ هه‌ڵه‌بجه‌ بنیاتنانی‌ عیراقێكی‌ نوێی‌ فیدرالی بوو …

جێگری‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران د. به‌شیر حه‌داد ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 16/3/2019 به‌شداریكرد له‌ ڕێوڕه‌سمی‌ یادی‌ 31 ساڵه‌ی‌ كاره‌ساتی‌ كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌.
ڕێوڕه‌سمه‌كه‌ كه‌ له‌ پارێزگای‌ هه‌ڵه‌بجه‌ سازكرا هه‌ریه‌ك له‌ به‌ڕێزان وه‌زیری‌ كاروباری‌ شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان له‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان و نوێنه‌ری‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عیراق و ژماره‌یه‌ك له‌ به‌رپرسانی‌ حكومی‌ و په‌رله‌مانتاره‌ به‌ڕێزه‌كانی‌ عیراق و هه‌رێمی‌ كوردستان و باڵیۆزو كونسولی‌ وڵاتان و ژماره‌یه‌كی‌ زۆر له‌ خه‌ڵكی‌ هه‌ڵه‌بجه‌ و كه‌ناڵه‌كانی‌ ڕاگه‌یاندن تێیدا به‌شداربوون.
حه‌داد ووته‌یه‌كی‌ پێشكه‌شكرد تێیدا دووپاتیكرده‌وه‌ كه‌ :” گەورەییە بۆمان لەحزوور خەڵكی شاری هەڵەبجە بین و هاوخەمیان بین، لەهەمان كاتدا مایەی نیگەرانیەكی گەورەمانە كە لەبۆنەیەكی وادا لەحزووریاندا دەبین، خۆزگە بۆ یادی احمد موختار بەگی جاف و عادیلەخانم و گەورە پیاوان و شێرەژنانی هەڵەبجە ئامادە بووینایە”.
هه‌روه‌ها به‌ڕێزی‌ گوتی:”31 ساڵ لەمەوبەر هەوڵدرا پارچەیەكی هەرە زیندوی جەستەی كوردستان ببڕن، بەڵێ ئەو پارچەیان برژاندو سووتاندو گوێیان نەگرت بۆ زریكەی مناڵی ساواو باكیان نەبوو بە ئاهو ناڵەی دایكانی جگەر سوتاوو باوكانی پشت شكاو، كۆمەڵگای نێودەوڵەتیش ئەو گریان و هاوارە بێزاری دەكردن و خەوی دەزڕاندن بۆیە پشتگوێیان خست، بەڵكو هەروەك ئەزموونی هەموو گەلانی تر بەدرێژایی مێژوو هاوهەڵوێستی و یەكپارچەیی و كۆڵنەدانی گەلی كوردستان و جۆش و خرۆشی دادپەروەری ئیلاهی بۆ بەرگریكردن لەستەملێكراوان خەونی بڕینی ئەم پارچەیەی نیشتمانی لەگۆڕنا، ئەمڕۆ هەڵەبجە پارێزگایە، ئاوەدانە، سەربەرزە، جێگای ڕێزو خۆشەویستی هەموو كوردێكە لەدونیادا”.
له‌ درێژه‌ی‌ وته‌كه‌یدا جێگری‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران دووپاتیكرده‌وه‌ كه‌ :” ئەوەی لەماوەی 31 ساڵی راوبوردوودا لەم شارە ڕوویدا چەندین پەندو ئامۆژگاری گەورەی تیایە بۆ گەلی كوردو هەموو گەلانی ئازادیخوازانی جیهان، برینەكان چەند قوڵ و بەئازار بن، باری دەروونی و جەستەكان چەندە شەكەت و بگرە لەت لەت بن، چیرۆكی لێكدابڕانی خۆشەویستان و جگەرگۆشەكان چەندە ناسۆربن، شكستە سیاسی و ئابووریەكان چەندە پشت شكێن بن، تەنیاو تەنیا بە تەبایی و یەكڕیزی و دایالۆگی ناوخۆیی لەلایەك و درووستكردنی دامو دەزگاو سەروەری یاساو سەربەخۆیی دادگاكان و بەدیهێنانی دادپەروەری كۆمەڵایەتی لەلایەكی ترەوە دەتوانین سەرجەم لەمپەرەكان تێپەڕێنین، دەیان وڵاتی دونیا بەكارەساتی جەرگبڕتردا تێپەڕیون، چەكی ناوكی بەرانبەریان بەكارهێنراوەو شەڕی ناوخۆ بڕستی لەبەربڕیون بەڵام ئێستا لەپێشەنگی وڵات و گەلەپێشكەوتوو و خۆشبەختەكانی گۆی زەوین وەك ژاپۆن و كۆریای باشوورو سەنگاپوورەو مالیزیاو بەم دواییانەش باشووری ئەفریقاو تەنانەت ڕوانداش. خوای گەورە هێزو توانای گەورەی بە مرۆڤ بەخشیوەو دەتوانێت هەموو ئامانجە گەورەو بچووكەكانی بهێنێتەدی بەڵام بەمەرجی ئەوەی ئەم هێزو توانایە لەبنیاتنان و چاكەدا بەكاربێنێت نەك لەخراپەكاریدا، حەیفە گەلی ئێمە نائومێد بێت، پشت بەخوا داهاتووی ئەم گەلە ڕوونەو خێرو خۆشی زیاتریش لەخۆی وڵاتەكەی دەبینێت”.

لەكۆتایی ووته‌كه‌یدا حه‌داد جه‌ختیكرده‌وه‌ له‌وه‌ی‌:” وەك نوێنەرانی ئێوە لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هیچ هەلێكمان لەدەست نەداوە بۆ خزمەتكردنی خەڵكی كوردستان بەگشتی و شاری هەڵەبجەی خۆشەویست بەتایبەتی، ئەنجومەنی نوێنەران یەكەم دەزگای هەرەباڵای عێراق بوو دەنگیدا لەسەر بەپارێزگاكردنی هەڵەبجە، هەروەها ئەنجومەنی نوێنەران چەند ساڵێك بوجەو پڕۆژەی تایبەتی بۆ شاری هەڵەبجە لەچوارچێوەی بوجەی گشتی عێراقدا تەرخانكردوە، ساڵانە یادی كارەساتی كیمیابارانكردنی هەڵەبجە لەناو باڵەخانەی ئەنجومەنی نوێنەراندا دەكرێتەوەو سەرجەم پێكهاتەو فراكسیۆن و پەرلەمانتارەكان هاوبەشی و هاوخەمی خۆیان بۆ كەسوكاری قوربانیانی ئەو شارەشیرینە دەردەبڕن، لەوەش زیاتر ساڵی 2011 و ئەوە ئەمساڵیش شاندی باڵای ئەنجومەنی نوێنەران بەشداری یادەكەی لەناو شاری هەڵەبجەدا كردو دەكات، بۆ لەمەودواش ئامادەیی تەواوی خۆمان دەردەبڕین بۆ هاویشتنی هەرهەنگاوێك و ئەنجامدانی هەر كارێك كەخزمەتی ئەم شارە خۆشەویستەو خەڵكە لێقەوماوەكەی بكات ئەویش لەسنووری ئەو ئەركانەی كە دەستوور ڕەنگڕێژی كردوون بۆ پەرلەمان”.

نوسینگه‌ی‌ ڕاگه‌یاندنی‌
جێگری‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران
16/3/2019