جێگری‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران تاوتوێی‌ بابه‌تی‌ ده‌ركردنی‌ یاسای لیژنه‌ی‌ ئۆڵۆمپی‌ نشتیمانی‌ عیراقی له‌ گه‌ڵ وه‌زیری‌ لاوان و وه‌رزش و لیژنه‌ی‌ ئۆلۆمپی‌ ده‌كات

جێگری‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران د. به‌شیر حه‌داد ئه‌مڕۆ سێ شه‌ممه‌ 26/3/2019 له‌ نوسینگه‌ی‌ فه‌رمی‌ خۆی، چاوی‌ كه‌وت به‌ وه‌زیری‌ لاوان و وه‌رزشی‌ حكومه‌تی‌ ناوه‌ندی‌ به‌ڕێز ئه‌حمه‌د عوبه‌یدی و سه‌رۆكی‌ لیژنه‌ی‌ ئۆڵۆمپی‌ عیراقی كاپتن ره‌عه‌د حه‌مودی‌.
له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا كه‌ ئه‌ندامانی‌ لیژنه‌ی‌ وه‌رزش و لاوانی‌ په‌رله‌مان ئاماده‌ی بوون، تاوتوێی‌ بارودۆخی‌ وه‌رزشی‌ عیراق و ئاستی‌ به‌شداریكردنی‌ له‌ پاڵه‌وانه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كاندا كراو تیشك خرایه‌سه‌ر پڕۆژه‌ی‌ یاسای لیژنه‌ی‌ ئۆڵۆمپی‌ نشتیمانی‌ عیراقی و ڕێوشوێنه‌ یاساییه‌كانی‌ ئه‌و بواره‌.
حه‌داد جه‌ختیكرده‌وه‌ له‌ سه‌ر په‌ره‌پێدانی‌ كه‌رتی‌ گه‌نجان و وه‌رزش به‌تایبه‌تی‌ كه‌ عیراق هه‌نگاو ده‌نێته‌ ناو قۆناغێكی‌ نوێ له‌ بنیاتنان و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و پێویستیه‌ك هه‌یه‌ بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ وه‌رزشی‌ بۆ پێگه‌ی‌ سروشتی‌ خۆی‌ و به‌شداریكردنی‌ به‌هێز له‌ بۆنه‌و پاڵه‌وانێتیه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كانداو به‌ده‌ستهێنانی‌ پله‌ی‌ پێشكه‌وتو و ئاماژه‌ی‌ به‌ گرنگی‌ چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌كانی‌ بواری‌ وه‌رزشی‌ كرد و داوای‌ له‌ وه‌زاره‌تی‌ لاوان و وه‌رزش و لیژنه‌ی‌ ئۆڵۆمپی‌ كرد هه‌ماهه‌نگی‌ له‌ گه‌ڵ لیژنه‌ی‌ وه‌رزش و لاوانی‌ په‌رله‌مان بكه‌ن بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌ داراییه‌كان و به‌رده‌وامیدان به‌ كاری‌ لیژنه‌ی‌ ئۆڵۆمپی‌ و یه‌كێتیه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی‌ كاتی‌ تا كاتی‌ ده‌ركردنی‌ یاسایه‌كی‌ تایبه‌ت به‌ وه‌رزش بۆ هه‌مو عیراق.

 

نوسینگه‌ی‌ ڕاگه‌یاندنی‌
جێگری‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران
26/3/2019