سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران چاوی بە وەزیری دەرەوەی ئەمریكا دەكەوێت
محەمەد حەلبوسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران چاوی كەوت بە مایك بۆمبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا.
لەسەرەتای دیدارەكە مایك بۆمبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا پێشوازی لە سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران كرد و خۆشحاڵی خۆی نیشاندا بە دیداری و گەشەپێدانی پەیوەندی دۆستانەی نێوان واشنتۆن و بەغداد.
هەر لە دیدارەكە تاوتوێی رێگەكانی پتەوكردنی هاریكاری نێوان هەردوو وڵات كرا لەبواری ئەمنی و سەربازی و ئابوری گفتوگۆش كرا سەبارەت بە هاوبەشی ستراتیجی نێوان ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا و عێراق و بەردەوامی هەوڵەكانی ریشەكێشكردنی تیرۆر و بیری توندڕەوی و دۆسیەی پاراستنی سنور و تێكشكاندنی داعش بە تەواوەتی و رێگری جارێكی تر لە گەڕانەوەی، جەختیش كرایەوە لەسەر پابەندبوون بە سەروەری و ئاسایش و گەشەپێدانی عێراق.
هەر لە دیدارەكە باس لە گرنگی هەوڵەكانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كرا لە دۆسیەی ئاوەدانكردنەوە و وەبەرهێنان و پشتیوانی حكومەتی عێراق بۆ پێشكەش كردنی خزمەتگوزاری بە هاوڵاتیان و دابینكردنی هەلی كار لەرێی پرۆژەكانی وەبەرهێنان؛ بۆ نەهێشتنی بێكاری كە دەبێتە هۆی گەڕانەوەی سەقامگیری.
=======
نوسینگەی ڕاگەیاندنی
سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران
28 ئازاری 2019