ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران ده‌نگ ده‌دات له‌ سه‌ر بڕیارێك سه‌باره‌ت به‌ لافاوه‌كان و كۆتایی دێنێت به‌ خوێندنه‌وه‌ی‌ پێنج پڕۆژه‌ یاسا

ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 13/4/2019 له‌ نویه‌مین دانیشتنی‌ خۆیدا به‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ به‌ڕێز محه‌مه‌د حه‌لبوسی سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌ن و ئاماده‌بونی‌ 202 په‌رله‌مانتار، ده‌نگیدا له‌ سه‌ر بڕیارێك سه‌باره‌ت به‌ لافاوه‌كان و كۆتایی هێنا به‌ خوێندنه‌وه‌ی‌ پێنج پڕۆژه‌ یاسا.
له‌ سه‌رتای‌ دانیشتنه‌كه‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌ن ڕایگه‌یاند كه‌ ڕۆژی‌ دووشه‌ممه‌ی‌ دابێت سه‌رۆك و جێگرو بڕیارده‌ری‌ لیژنه‌كانی‌ په‌رله‌مانی‌ هه‌ڵده‌بژێردرێن پاش گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕكردنی‌ سه‌رنج و تێبینیه‌كان له‌ گه‌ڵ فراكسیۆنه‌ په‌رله‌مانیه‌كاندا.
هه‌ر له‌و باره‌یه‌وه‌ ئه‌نجومه‌ن ده‌نگیدا له‌ سه‌ر گۆڕینه‌وه‌ی‌ ئه‌ندامێتی‌ په‌رله‌مانتار ئینعام خه‌زعه‌لی‌ له‌ لیژنه‌ی‌ دارایی به‌ په‌رله‌مانتار ماجیده‌ تمیمی‌ و زیادكردنی‌ په‌رله‌مانتار سادق سوڵتانی‌ بۆ لیژنه‌ی‌ ناوبراو.
هه‌روه‌ها ئه‌نجومه‌ن ده‌نگیدا له‌ سه‌ر زیادكردنی‌ نوێنه‌رێك له‌ پێكهاته‌كانی‌ مه‌سیحی و ئێزیدی و سابیئه‌ی‌ مه‌ندائی‌ بۆ لیژنه‌ی‌ ئه‌وقاف و كاروباری‌ ئاینی‌ سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌ندامبونیان له‌ لیژنه‌كانی‌ خۆیاندا.
دواتر ئه‌نجومه‌ن خوێندنه‌وه‌ی‌ یه‌كه‌می‌ بۆ پڕۆژه‌ یاسای په‌یوه‌ندییه‌كان و زانیاری ته‌واوكرد.
هه‌روه‌ها ئه‌نجومه‌ن كۆتایی هێنا به‌ خوێندنه‌وه‌ی‌ یه‌كه‌م بۆ پڕۆژه‌ یاسای دادگای‌ باڵای‌ ئیتیحادی‌.
دواتر ئه‌نجومه‌ن خوێندنه‌وه‌ی‌ یه‌كه‌می‌ بۆ پڕۆژه‌ یاسای هه‌مواركردنی‌ دووه‌م بۆ یاسای سه‌ندیكای‌ جیۆلۆجیه‌كان ژماره‌ (197)ی‌ ساڵی‌ 1968 ته‌واوكرد.
هه‌روه‌ها ئه‌نجومه‌ن كۆتایی هێنا به‌ خوێندنه‌وه‌ی‌ یه‌كه‌م بۆ پڕۆژه‌ یاسای په‌سه‌ندكردنی‌ ڕێكه‌وتنامه‌ی‌ نه‌هێشتنی‌ حاڵه‌تی‌ دوولایه‌نه‌ی‌ باج و قه‌ده‌غه‌كردنی‌ خۆدزینه‌وه‌ی‌ دارایی تایبه‌ت به‌ باجی‌ داهات و سه‌رمایه‌ له‌ نێوان حكومه‌تی‌ كۆماری‌ عیراق و حكومه‌تی‌ ده‌وڵه‌تی‌ ئیماراتی عه‌ره‌بی یه‌كگرتوو.
دواتر ئه‌نجومه‌ن كۆتایی هێنا به‌ خوێندنه‌وه‌ی‌ ڕاپۆرتێك و تاوتوێی‌ پڕۆژه‌ یاسای ده‌ست به‌سه‌رداگرتنی‌ پاره‌ی‌ گوازراو و نه‌ گوازراوی‌ ڕژێمی‌ پێشوو ژماره‌ (72)ی‌ ساڵی‌ 2017.
سه‌باره‌ت به‌ دۆسیه‌ی‌ لافاوه‌كان، ئه‌نجومه‌ن ده‌نگیدا له‌ سه‌ر بڕیارێكی‌ په‌رله‌مانی‌ تایبه‌ت به‌ پێكهێنانی‌ لیژنه‌یه‌كی‌ په‌رله‌مانی‌ بۆ به‌دواداچونی‌ بڕیاره‌كانی‌ خانه‌ی‌ قه‌یران و به‌دواداچونی‌ جێبه‌جێكردنی‌ بڕیاره‌كانی‌، به‌جۆرێك كه‌ لیژنه‌كه‌ به‌سه‌رۆكایه‌تی‌ جێگری‌ یه‌كه‌می‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌ن ده‌بێت و ژماره‌یان له‌ 9 ئه‌ندام تێپه‌ڕنابێت، هه‌روه‌ها ئاراسته‌كردنی‌ ڕاسپارده‌یه‌ك بۆ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران بۆ ته‌رخانكردنی‌ بڕه‌ پاره‌ی‌ پێویست بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌ی‌ لافاوه‌كان له‌ڕێگه‌ی‌ به‌كارهێنانی‌ ئه‌و ماددانه‌ی‌ بودجه‌ كه‌ ڕێگه‌ به‌حكومه‌ت ده‌دات ئه‌و هه‌نگاوه‌ بنێت، سه‌ره‌ڕای‌ سود وه‌رگرتن له‌ چوار ترلیۆن دیناره‌كه‌ی‌ حكومه‌ت كه‌ بۆ خه‌رجی‌ ته‌شغیلی و وه‌به‌رهێنان ته‌رخان كراوه‌و ئاراسته‌كردنی‌ وه‌زاره‌ت و داموده‌زگاكانی‌ حكومه‌ت بۆ به‌كارخستنی هه‌مو تواناكانیان بۆ به‌هاناوه‌چونی‌ پارێزگا زیانپێگه‌یشتوه‌كان له‌وانه‌ش هه‌رێمی‌ كوردستان و قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌ی‌ ڕاسته‌وخۆی‌ جوتیارانی‌ زیان پێگه‌یشتو و هاوڵاتیان، هه‌روه‌ها گرتنه‌به‌ری‌ هه‌مو رێوشوێنێكی‌ پێویست بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ بارودۆخی‌ ناهه‌مواری‌ خیوه‌تگه‌ی‌ ئاواره‌كان.
له‌ كۆتاییدا دانیشتنه‌كه‌ بۆ ڕۆژی‌ دووشه‌ممه‌ 15/4/2019 هه‌ڵگیرا.

فه‌رمانگه‌ی‌ ڕاگه‌یاندنی‌
ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران
13/4/2019



انت تتصفح موقع الدورة النيابية الرابعة. للانتقال الى الدورة الحالية انقر هنا

X