د.بەشیر حەداد: نابێت ئاوارەکانی بە زۆرە ملێ بگەڕێندرێنەوە ناوچەکانی خۆیان

رۆژنامەی مەشریق لە ژمارە٤٤٢٠ ی‌ رۆژی شەممە ١٤ ئەیلوولی ٢٠١٩ ، راپۆرتێکی بڵاوکردووەتەوە بەپێی زانیارییەکانی، کۆمسیۆنی باڵای مافی مرۆڤ كه ژمارەیەکی زۆر لە ئاوارەکان لە کەمپی حاجی عەلی له باشووری موسڵ دەرکراون له شوێنی‌ خۆیان، وەک فشارێك بۆ گەراندنەوەیان بۆ شوێنەکانی‌ خۆیان، وه ماوەی چوار رۆژە بەبێ شوێنی حەوانەوە ماونەتەوە، لەسەر ئەوزانیاریانەی لە راپۆرتەکەدا بلاوکراونەتەوە، دکتۆر بەشیر حەداد جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران بەتەلەفۆن پەیوەندیکرد بە بەڕێز نەوفەل بەها موسا وەزیری کۆچ وکۆچبەران بۆ وەرگرتنی زانیاری لەبارەی بابەتەکە، بەڕێز وەزیر روونیکردەوە، کە هیچ جۆرە گوشارێک لەسەر ئاوارەکان نییە، ئەوان سەرپشککراون بگوازرێنەوە بۆ ناوچە نزیکەکانی پارێزگاکانیان تا ئەو کاتەی، لەئایندەیەکی نزیکدا بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
بەڕێز حداد داواشیکرد، هەڵوەشاندنەوەو تێکدانی کەمپەکان و گواستنەوەی ئاوارەکان دەبێت بەپێی رێوشوێنەکانی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران بێت و گەڕانەوەشیان ئارەزوومەندانە بێت نەک بەزۆرەملێ، لەبەر ئەوەی ئەو خێزانانە بەهۆێ شەڕی داعشەوە زیانی زۆریان بەرکەوتووەو نەهامەتی زۆریان دیوە.
جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران جەختی کردەوە، لەسەر گرنگی کۆتایهێنان بە دۆسیەی کەمپی ئاوارەکان و چڕکردنەوەی هەوڵەکان لەلایەن دەزگا پەیوەندیدارەکان و دامەزراوە خۆجێیەکان، بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان و دابینکردنی ئاسایش و هاوکاری و خزمەتگوزاری بۆیان و گەڕانەوەی ژیانی ئاسایی بۆ ناوچە ئازادکراوەکان.

نووسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق
شەممە ١٤ ئەیلوولی ٢٠١٩