د.بەشیر حەداد و سەرۆکی ئەنجومەنی باڵاى دادوەری عيراق هاوکاری و هەماهەنگی نێوان هەردوو دەسەڵاتی یاسادانان و دادوەریان لە دەرکردنی یاسای تاوتوێ کرد

ئەمڕۆ دووشەممە ١٨/٩/٢٠١٩ دکتۆر بەشیر حەداد جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەگەڵ دادوەر فائق زەیدان سەرۆکی ئەنجومەنی باڵاى دادوەری عيراق کوبوویەوە.
لەو کۆبوونەوەیەدا کە ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران بەشار کیکی ئامادە بوو جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و سەروکی ئەنجومەنی دادوەری باسیان لە چەند پرس و مژار کرد کە تایبەتمەند بوو بە بەرەوپێشبردنی هاوکاری و هەماهەنگی نێوان هەردوولا و هەنگاونان بۆ کاری هاوبەش لە نێوان دەسەڵاتی یاسادانان و دەسەڵاتی دادوەری لە بواری پەسەندکردنی یاساو هەموارکردنی پێویست لەو یاسایانەی کە ئێستا هەن و كاركردن لە سەر ئەو یاسایانەی کە لە خولەکانی پێشودا پەسەند نەکراون، هەروەها پێوستی پەلەکردن لە دەرکردنی یاسای دادگای فیدراڵی و سود وەرگرتن لەو کەشە ئەرێنیەی کە لە نێوان حکومەت و ئەنجومەنی نوێنەران و دەزگای دادوەری دا هەیە بۆ بەرەوە پێشبردنی پرۆسەی سیاسی و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و چارەسەرکردنی کێشەکان لە تەواوی وڵاتدا.
لە بەشێکی دیکەی کۆبونەوەکەدا دکتۆر بەشیر حەداد هیوای خواست کە هەماهەنگی و هاوکاری نێوان ئەنجومەنی باڵای دادوەری حکومەتی فیدراڵی و ئەنجومەنی دادوەری حکومەتی هەرێمی کوردستان زیاتر بکرێت و ئاماژەشی بە پێویستی گۆڕینەوەی بیروڕا و ئەزموونی نێوان هەردولا کرد بۆ ئەوەی بتوانن بەسەر ئەو کێشانەدا زاڵ بن کە لە رابردوودا هەبوون .

نوسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
١٨ی ئەیلولی٢٠١٩