د.بەشیر حەداد پێشوازی لە شاندێکی پارێزگای سەڵاحەدین کرد و داوای جێبەجێکردنی پرۆژەی خزمەتگوزاری زیاتری کرد بۆ پارێزگا زیانلێکەوتوەکان

ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٢/٩/٢٠١٩ دکتۆر بەشیر حەداد جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە بەغدا پێشوازی کرد لە ئیسماعیل خەزیر هلوب جێگری یەکەمی پارێزگای سەڵاحەدین و شاندێکی یاوەری.
لە کوبوونەوەیەکدا جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق جەختی لەسەر پێوستی دابینکردنی خزمەتگوزاری زیاتر بۆ هاوڵاتیان لە تەواوی پارێزگاکانی عێراق کردەوە و ئاماژەشی بەوەدا کە پێویستە هەوڵی تەواو بدرێت بؤ زاڵبون بەسەر ئەو رۆتین و رێگریانە کە دێنە بەردەم جێبەجێکردنی پرۆژە خزمەتگوزاریەکان، بەتایبەت ئەوانەی کە پەیوەندیان بە ژێرخانەوە هەیە و تواناکانیش بە بەشترین شێوە لە دامودەزگاکانی دەوڵەت بەرکاربهێنرێن، داواشی لە وەزارەتی پلاندانان و دارایی حکومەتی فیدراڵی کرد کە لە بودجەی ساڵی ٢٠٢٠ پارەی زیاتر بۆ پارێزگا زیان لێکەوتوەکان بە تایبەت ناوچە ئازادکراوەکان دیاری بکەن بۆ ئەوەی ئاوەدان بکرێنەوە و پرۆژەی خزمەتگوزاری زیاتر بۆ هاوڵاتیانی ئەو ناوچانە جێبەجێ بکرێت.
هەر لە کۆبونەوەکەدا جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و شاندی پارێزگای سەڵاحەدین گفتوگۆیان کرد لە بارەی بارودۆخی ئەمنی و خزمەتگوزاری لەو پاریزگایە و گرنگی کارکردن بەردەوام بۆ دروستکردنەوە و ئاوەدانکردنەوەی شوێنی نیشتەجێ بوونی ئاوارەی شارو شارۆچکەکانی سەر بە پارێزگای سەڵاحەدین و گرنگی دەستپێکردنەوەی پرۆژە راگیراوەکان و باسیشی لە بابەتی پەروەردە و خوێندن لەو پارێزگایە و دۆزینەوەی چارەسەرێکی گونجاو کرد بۆ ئەو کێشانەی کە هاتوونەتە بەردم پرۆسەی خوێندنی زمانی کوردی لە قوتابخانە کوردییەکانی ژمارەیەک لە ناوچەکانی پارێزگای سەڵاحەدین و دابینکردنی کادری پێویست لەو بوارەدا.
لە کۆبونەوەکدا جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق گوێبیستی گوتەی شاندی میوان بوو کە باسیان لە واقیعی پارێزگاکەیان و کێشەی رۆژانەی هاوڵاتیانیان کرد و ئاماژەی بەوەشدا کە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق سەرەڕای کاری یاسادانان و چاودێری کردن سورە لەسەر بەدواداچوونی مەیدانی لە سەر دۆسیە خزمەتگوزاریەکان و جێبەجێکردنی پرۆژەی خزمەتگوزاری گەورە لە تەواوی پارێزگاکان.

نوسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
٢٢ئەیلولی ٢٠١٩