جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پێشوازی کرد لە وەزیری کاروکاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان

ئەمڕۆ دووشەممە رێکەوتی ٢٣/٩/٢٠١٩ دکتۆر بەشیر حەداد جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە نوسینگەی تایبەتی خۆی لە بەغدا پێشوازیکرد لە کوێستان محەممەد وەزیری کاروکاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان و شاندێکی یاوەری.
لە کۆبوونەوەیەکدا هەردولا باسیان لە هەنگاوەکانی بەهێزکردنی هەماهەنگی نێوان هەردوو وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی کرد.
دکتۆر بەشیر حەداد ئامادەیی ئەنجومەنی نوێنەرانی دەربڕی بۆهاوکاری کردن لە دروستکردنی هەماهەنگی نێوان وەزارەتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی بۆ ئەوەی زیاتر بتوانن خزمەتگوزاری پێشکەش بە هاوڵاتیان بکەن لە سەرانسەری وڵاتدا.
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەپێویستیشی زانی کە وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فيدرال چالاکیە مەیدانیەکانیان فراوانتر بکەن بۆ زیاتر بەرەوپێشبردنی کەرتی خزمەتگوزاری و دابینکردنی تۆڕی هاوکاری کۆمەڵایەتی بۆ خانەوادە زیان لێکەوتووەکان و رووبەڕوو بوونەوەی بێکاری و هاوکاریکردنی نوسینگەکانی کارکردن و دابینکردنی بیمەی کۆمەڵایەتی و زیاترکردنی هەوڵەکان بۆ پشتیوانی بەرنامەی گەشەپێدانی سەرچاوە مرۆییەکان و پێشکەشکردنی چاودیری کۆمەڵایەتی بۆ خانەوادە کەمدەرامەتەکان.

نوسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
دووشەممە ٢٣ی ئەیلولی ٢٠١٩