دکتۆر بەشیر حەداد پێشوازی لە نەقیبی سەندیکای پارێزەران کرد و جەختی لەسەر ھەموارکردنەوەی یاسای سەندیکای پارێزەرانى عيراقى کرد

دکتۆر بەشیر حەداد جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق جەختیکرد، لەسەر گرنگی هەموارکردنی یاسای سەندیکای پارێزەران، بەجۆرێک لەگەڵ پێویستییەکانی قۆناغەکە و گۆڕانکارییەکانی کۆمەڵگە بگونجێت، هەروەها لەرووی پیشەییەوە ئەدای سەندیکای پارێزەران باشبکرێت و رۆڵی پارێزەر بەدیاربخرێت لەو ئەرکە گەورەیەی ئەنجامیدەدات لە جێبەجێکردنی دادپەروەری و چەسپاندنی یاسا بۆ پارێزگاریکردن لە مافی مرۆڤ بۆ سەقامگیری و ئاشتی کۆمەڵایەتی.
دکتۆر بەشیر حەداد جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە نووسینگەی تایبەتی خۆی لەبەغدا پێشوازیکرد لە زیا سەعدی نەقیبی سەندیکای پارێزەرانی عێراق، لە دیدارێکدا کۆمەڵێک دۆسیەو مژار گفتووگۆیان لەبارەوە کرا کە پەیوەستبوون بەبڵاوکردنەوەی هۆشیاری یاسایی و بەردەوامی هەماهەنگی لەنێوان سەندیکای پارێزەرانی عێراق و دەسەڵاتی یاسا دانان و دادوەری بۆ گرەنتی پاراستنی یاساکان، هەروەها گفتوگۆکردن لەسەرپێشیازی دامەزراندنی پەیمانگای پارێزەران، وەکو وڵاتانی پێشکەوتوو، لەپێناو پێشخستنی تواناکان وئامادەکردنی پارێزەران بۆ بەجێگەیاندنی کارەکانیان بەشێوەیەکی پیشەیی.
تەڵاڵ حەمید عوقابی راوێژکاری یاسایی جێگری سەرۆکی ئەنجوومەن ئامادەی کۆبوونەوەکە بوو.

نوسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
٢٤ی ئەیلولی ٢٠١٩