د.بەشیر حەداد لە گەڵ نێردەی نەتەوەیەکگرتوەکان جەختی کردەوە لەسەر بەشداریکردنی ئاوارەکان لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان

رۆژی چوار شەممە ٢٥/٩/٢٠١٩ دکتۆر بەشیر حەداد جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە نوسینگەی تایبەتی خۆی لە بەغدا پێشوازی كرد لە ئالیس وولبول جێگری نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوەتەکگرتوەکان لە عێراق بۆ کاروباری سیاسی و هەڵبژاردن و شاندێکی یاوەری .
لە کۆبوونەوەیەکدا جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق جەختی کردەوە لەسەر گرنگی پاراستنی ئەزمونی دیموکراسی لە عێراق و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان بەشێوەیەکی پاک و بێگەرد لە کاتی خۆیدا کە بڕیار وایە لە ١/٤/٢٠٢٠ بەڕێوەبچیت.
دکتۆر بەشیر حەداد رایگەیاند کە پێویستە تەواوی پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی عێراقی لەو هەڵبژاردنەدا بەشداری بکەن بەتایبەت ئەو ئاوارانەی کە لە نێو کەمپەکاندا دەژین.
هەر لەوکۆبوونەوەیەدا بە تێروتەسەلی باس لە ئامادەکاری کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان بۆ ئەو پرۆسەیە و دابینکردنی تەواوی پێداویستیە لۆجستی و هونەریەکان و بەردەوامی دیدار و کۆبوونەوەکان بە مەبەستی بەردەوامیدان بە هەهاهەنگی و هاوکاری راستەوخۆ لە نێوان ئەنجومەنی نوێنەران و کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان.
لە بەشێكى ترى کۆبوونەوەکەدا جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پێزانینی هەبوو بۆهەوڵە بەردەوامەکانی نێردەی نەتەوەیەکگرتوەکان و هەوڵەکانی لەمەڕ سەرکەوتنی هەڵبژاردنەکان و پاراستنی پرۆسەی دیموکراستی لە عێراق و ئاماژەشی بەوەدا کە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە هەوڵی پێکهێنانی لیژنەیەکی پەرلەمانیە بۆ هاوکاری و چاودێریکردنی هەڵبژاردنەکان و گرنگی چاودێریکردنی هەڵبژاردنەکان کە مافێکی دەستوری هەموو هاوڵاتیەکی عێراقیە.

نوسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
چوارشەممە ٢٥ی ئەیلولی ٢٠١٩