د.بەشیر حەداد سەردانی د. فرسەت سۆفی کرد و هیوای خواست خزمەتی زیاتر پێشکەش بە پارێزگای هەولێر بکات

رۆژی دووشەممە رێکەوتی٣٠ی ئەیلولی ٢٠١٩ دکتۆر بەشیر حەداد جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە هەولێر سەردانی دکتۆر فرسەت سۆفی پارێزگاری نوێی هەولێری کرد و پیرۆزبایی دەستبەکار بونی لێکرد.
دکتۆر بەشیر حەداد هیوای خواست دکتۆر فرسەت سۆفی لە پۆستی نوێیدا سەرکەوتن بە دەست بێنێت و بتوانێت خزمەتی زیاتر پێشکەش بە هاوڵاتیانی پارێزگای هەولێر بکات.
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژەی بەوەدا کە نەوزاد هادی پارێزگاری پێشوی هەولێر لە ماوەی ١٥ ساڵی رابردوودا خزمەتێکی زۆری کردوە، و هیوای خواست پارێزگاری نوێ بتوانێت درێژە بە کارە باش و خزمەتگوزارییەکانی پارێزگاری پێشوو بدات و زۆرترین خزمەتگوزاری پێشکەش بە هاوڵاتیان بکات.
دکتۆر بەشیر حەداد ئاماژەشی بەوەدا کە وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری هەولێری پایتەخت کارێکی ئاسان نییە، بەڵام بە پشتیوانی هەموو لایەک دەتوانیت سەرکەوتن بەدەست بهێنیت و جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەوان وەکو جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و نوێنەرانی کورد لە بەغدا ئامادەی هەموو هاوکارییەکن.
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق راشیگەیاند، ئەو پرۆژانەی کە لە رابردوودا لە عێراق بەهۆی شەڕی داعش و قەیرانی داراییەوە راوەستابوون وردە وردە دەستیان پێکردوەتەوە و ئەو بابەتانەش کە پەیوەندی بە هەرێمی کوردستانەوە هەبێت ئەوان بەردەوام بەدواداچوونی بۆ دەکەن و پێداگری لەسەر جێبەجێکرانیان دەکەن، وەك پرۆژەی دروستکردنی ئاوو ئاوەڕۆی شاری هەولێر کە بڕیار وابوو لەسەر ئەرکی رێکخراوی جایکای یابانی جێبەجێ بکرێت، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، ئەوان کاریان کردووە تاوەکو ئەو پرۆژەیە لەلایەن بەغداوە بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
لەلایەن خۆیەوە دکتۆر فرسەت سۆفی پارێزگاری هەوڵیر خۆشحاڵی خۆی بە سەردانەکەی دکتۆر بەشیر حەداد دەربڕی و هیواشی خواست لەو بابەتانەی کە پەیوەستن بە حکومەتی فیدراڵیەوە ئەوان زیاتر هاوکاریان بکەن.

نوسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
دووشەممە ٣٠ی ئەیلولی ٢٠١٩