د.بەشیر حەداد و وەزیری دەرەوەی عێراق تاوتوێی پەیوەندییەکانی عێراق و وڵاتانی ناوچەکە و جیھانیان کرد

رۆژی چوارشەممە ٢٠١٩/١٢/٢٥ دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە نوسینگەی تایبەتی خۆی لە شاری بەغدا، پێشوازی کرد لە محەممەد عەلی حەکیم وەزیری دەرەوەی عێراق.
لەدیدارێکدا جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و وەزیری دەرەوەی عێراق، تاوتوێی دواپێشھاتەکانی نێو گۆڕەپانی سیاسی عێراق و چەندین بابەتی دیکەیان کرد کە جێگەی بایەخی ھەردولا بوون و باسیشیان لە گرنگی پێشخستنی پەیوەندییەکانی دەرەوەی عێراق کرد لە سەر ئاستی ھەرێمایەتی و نێودەوڵەتی لە نێوان عێراق و وڵاتانی دیکەی جیھان.
ھەروەھا لە کۆبوونەوەکەدا تیشک خرایە سەر، رێکارەکانی بەھێزکردنی ھاوکاری و ھەماھەنگی زیاتری نێوان دەسەڵاتی یاسادانان و دەسەڵاتی جێبەجێکردن و پێویستی پێشکەش کردنی ھاوکاری پێویست لە رێگەی پەسەندکردنی ئەو یاسایانەوە کە رۆڵیان ھەیە لە پێشخستنی دامودەزگاکانی دەوڵەت بۆ پێشکەش کردنی خزمەتگوزاری زیاتر بە ھاوڵاتیان.
دکتۆر بەشیر حەداد سوپاسی ھەوڵە بەردەوامەکانی وەزارەتی دەرەوەی عێراقیشی کرد لە فراونکردنی پەیوەندییەکان و لە ھەمان کاتدا ئاماژەی بەوەشدا کە پێویستە عێراق ھەوڵی زیاتر بخاتە گەڕ بۆ فراوانترکردنی پەیوەندییە دیپلۆماسیە دولایەنەکانی لەگەڵ وڵاتانی دۆست بەتایبەتی و جیھان بەشێوەیەکی گشتی، ئەویش لەسەر بنەمای ھاوکاری و رێزگرتنی یەکتری و بەرژەوەندی دولایەنە بەپێی بنەما نێودەوڵەتیەکان و ھاندانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە و بونیاتنانەوەی تەواوی ناوچەکانی وڵات.

نوسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
٢٥/١٢/٢٠٩