سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران پێشوازی لە وەزیری ده‌ره‌وه‌ی‌ توركیا دەكات

محەمەد حەلبوسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران، ئەمرۆ پێنجشەممە، پێشوازی كرد لە مەولود چاوش ئۆغلۆ وەزیری دەروەی توركیا.
لەمیانی دیدارەكە تاوتوێی دوا پێشهاتەكانی بارودۆخی عێراق و ناوچەكە كرا، بەرێزیان لەمیانی دیدارەكە ڕایگەیاند عێراق هەردەم هەوڵدەدات خاڵی بەیەكگەیشتن بێت نەك گۆڕەپانی جەنگ، پەرۆشی عێراقیشی رونكردەوە بۆ هاریكاری لەگەڵ دراوسێ و وڵاتانی عەرەبی و ئیقلیمی و نێودەوڵەتی بۆ بەدیهێنانی پەیوەندییەكی هاوسەنگ بەپێی بەرژەوەندی هەردوولا و تەئكیدی كردەوە لەسەر رەتكردنەوەی پێشێلی سەروەری نیشتمانی لەهەردوولا.
سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران لەمیانی دیدارەكە كە ژمارەیەك لە ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران و وەزیری دەرەوەی عێراق ئامادەیبوون، وتیشی هەوڵەكانی توركیا و پەرۆشی بۆ سەقامگیری عێراق بەرز دەنرخێنن و كاری هاوبەش دەكەن بۆ هێوركردنەوە و بەدوورگرتنی عێراق لەبازنەی ناكۆكیەكانی ناوچەكە.
لای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی توركیا هەڵوێستی وڵاتەكەی خستەڕوو كە داوای رێزگرتن لەسەروەری عێراق لەهەموو لایەك دەكات و بوونی بە گۆڕەپانی نێوان لایەنە ناكۆكەكان رەتدەكاتەوە، ئاماژەی بە هەوڵەكانی توركیاش كرد بۆ كەمكردنەوەی ناكۆكیەكانی ناوچەكە و ئامادەیی بۆ كاركردن لەگەڵ سەرجەم لایەنەكان بۆ بەدیهێنانی ئاسایش و ئاشتی.
=====
نوسینگەی ڕاگەیاندنی
سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران
9 كانونی دووەمی 2020