جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق سەردانی ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانی کرد

رۆژی یەکشەممە ٢٠٢٠/١/١٩ دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە شاری هەولێر، سەردانی مامۆستا سەلاحەدین محەممەد بەهائەدین، ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانی کرد.
لە دیدارێکدا جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، پیرۆزبایی بەستنی کۆنگرەی هەشتەم و سەرکەوتنی ئەو کۆنگرەیە و هەڵبژاردنەوەی مامۆستا سەلاحەدین محەممەد بەهائەدینی وەکو ئەمینداری گشتی یەکگرتوو، لە مامۆستا سەلاحەدین و سەرکردایەتی نوێ و ئەندام و لایەنگرانی ئەو حیزبە کرد.
دکتۆر بەشیر حەداد، هیوای خواست سەرکەوتنی کۆنگرەی هەشتەمی یەکگرتوو و هەڵبژاردنی سەرکردایەتی نوێی ئەو حیزبە، خزمەتی زیاتر بە یەکڕیزی و تەبایی نێوان لایەنە سیاسیەکان و پاراستنی دەستەکەوتەکانی هەرێمی کوردستان بکات.
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئاماژەشی بەوەدا یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە رابردوودا رۆڵی کاریگەر و ئەرێنی لە هەرێمی کوردستان و عێراق گێڕاوە و هیواشی خواست لەم قۆناغەی کە ئێستا عێراقی پێدا تێپەڕ دەبێت لەگەڵ حیزب و لایەنە سیاسیەکانی دیکەی نێو گۆڕەپانی سیاسی هەرێمی کوردستان و عێراق، هەوڵی جدی تر بدەن بۆ دۆزینەوەی رێگە چارەیەکی گونجاو بۆ قەيرانەكانى عيراق و پاراستنى بەرژەوەندييەكانى هەرێمی كوردستان و يەكريزيي لايەنەكان.
لەلایەن خۆیەوە، مامۆستا سەلاحەدین محەمەد بەهائەدین ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، سوپاسی سەردانەکەی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی کرد و ئاماژەشی بەڕۆڵی دکتۆر بەشیر حەداد لە بەغدا کرد کە توانیویەتی لەگەڵ نوێنەرانی دیکەی هەرێمی کوردستان بە لەبەرچاوگرتنی ئەو قۆناغەی عێراق پێیدا تێپەڕ دەبێت کاری باش بۆ هەرێمی کوردستان و یەکڕیزی نێو فراکسیۆنە کوردستانیەکان بکەن.

نوسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
٢٠٢٠/١/١٩