د.بەشیر حەداد: پێویستە لەگەڵ گۆڕانکارییەکان یاساکانیش هەموار بکرێنەوە بەشێوەیەک لەگەڵ واقیعی کۆمەڵگە بگونجێت
رۆژی پێنج شەممە ٢٠٢٠/١/٢٣ دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە نوسینگەی تایبەتی خۆی لەشاری هەولێر پێشوازی کرد لە هەژار بابان سەرۆکی رێکخراوی ئارا بۆ پەرەپێدانی کەلتووری مەدەنی و ئاسۆ محەممەد شوانی، ئەندامی بۆردی رێکخراوەکە.
لە کۆبونەوەیەکدا، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق باسی لە گرنگی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بۆ ئێستای عێراق و هەرێمی کوردستان کرد و ئاماژەشی بەوەدا گۆڕانکارییەکان زۆر بەخێرایی روودەدەن و پێویستە لەگەڵ گۆڕانکارییەکان یاساکانیش هەموار بکرێنەوە، بەشێویەک کە لەگەڵ واقیعی کۆمەڵگەدا بگونجێن و لەوکارەشدا پێویستە رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی رۆڵی چالاکانەیان هەبێت.
سەرۆکی رێکخراوی ئارا ئاماژەی بەوەدا رێکخراوەکەی ئەوان کاردەکات بۆ پەرەپێدانی دیموکراسی و دەستوەرنەدانی حیزب لە کاروباری حکومەت و کەمکردنەوەی هەژموونی حیزب لەنێو حکومەت، بۆ ئەوەش تاوەکو ئێستا پێنج کۆنفرانس و پێنج راپرسیان ئەنجام داوە و ئێستاش ئەنجامەکەیان کردووە راپۆرتێکی تێروتەسەل و لە رێگەی جێگری سەرۆکی پەرلەمانەوە، پێشکەشی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و هەروەها پێشکەشی پەرلەمانی کوردستانیشی دەکەن.
دکتۆر بەشیر حەداد، دەستخۆشی لە سەرۆک و ئەندامانی رێکخراوی ئارا کرد بۆ ئەو کارەیان و رایگەیاند، راپۆرت و پێشنیازەکانی ئەوان بە هەند وەردەگرن و دەیدەنە لیژنەی یاسایی ئەنجومەنی نوێنەران تاوەکو لە هەموارکردنەوەی یاسای حیزبە سیاسیەکان سودی لێوەر بگرن.
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەپێویستی زانی یاسای حیزبە سیاسیەکان لە عێراق هەموار بکرێتەوە، چونکە رۆڵی حیزبەکان لە نێو کۆمەڵگەدا رۆڵێکی گرنگە و پێویستە هاوشێوەی وڵاتانی دیکە حیزبەکان لە چوارچێوەی کارەکانی خۆیان رۆڵ بگێڕن و بەرنامەی خۆیان لە نێو حکومەت جێبەجێ بکەن نەک هەژموونی خۆیان بەسەر حکومەتدا بسەپێنن.
نوسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
٢٠٢٠/١/٢٣