د.بەشێر حەداد: پێویستە هەرچی زووە ئاوارەکانی کەرکووک و خورماتو بگەڕێنەوە شوێنەکانی خۆیان و دەست بە ژیانی ئاسایی خۆیان بکەنەوە

رۆژی پێنج شەممە ٢٠٢٠/١/٢٣ دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە نوسینگەی تایبەتی خۆی لەشاری هەولێر پێشوازی کرد لە مامؤستا مەلا هاوار داودی کەسایەتی و مامۆستای ئایینی دوزخورماتوو.
لە دیدارێکدا باس لە بارودۆخی ئەمنی و خزمەتگوزاری کەرکووک و دوزخورماتوو و ناوچەکانی دەورەبەری کراو مەلا ھاوار داواى لە دکتۆر بەشیر حەداد کرد بارودۆخی ناوچەکە و کێشەی ئاوارەکان بگەیەنێتە ئەنجومەنی نوێنەران و حکومەتی فیدراڵی.
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژەی بەوەدا کە کەرکووک و ناوچەکانی دەورەبەری لە دوای رووداوەکانی ١٦ ئۆکتۆبەر زەحمەتی زۆریان بینیوە و پێویستە کۆتایی بەو زەحمەت و ئازارانە بێت کە بەسەریان هاتووە و بە پێویستیشی زانی حکومەتی فیدراڵی کار بکات بۆ هەرچی زووتر گەڕاندنەوەی ئاوارەکانی کەرکووک و دوزخورماتوو و دەوروبەری، چونکە لە بارودۆخێکی خراپ دا ژیان بەسەر دەبەن و قەرەبووی زیان لێکەوانیش بکرێتەوە.
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق راشیگەیاند، شانديكى پەرلەمان و حکومەتی عێراق بە نیازن لە داهاتوویەکی نزیکدا سەردانی کەرکووک و دوزخورماتوو و ناوچەکانی دیکە بکەن و لە نزیکەوە ئاگاداری بارودۆخی خەڵکی و کارە خزمەتگوزارییەکان لە ناوچەکە ببن.
لەلایەن خۆیەوە مەلا ھاوار داودی سوپاسی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیان کرد کە بەردوام لەگەڵ ئێش و ئازارەکانی خەڵکی کەرکووک و دوزخورماتوو و ناوچەکانی دیکە بووە و هەوڵ و ماندووبونەکانی بەڕێزیشیان لە ئاسایی کردنەوەی بارودۆخی ئەو شوێنانە و بەرگری کردن لە خەڵکەکەیان بەرز نرخاند، و هیواشیان خواست کە دکتۆر بەشیر بەردەوام بێت لە پشتگیرییان تاوەکو خەڵکی ناوچەکە دەگەڕێنەوە شوێنەکانی خۆیان.

نوسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
٢٠٢٠/١/٢٣