د.بەشیر حەداد لەگەڵ ژمارەیەک کەسایەتی کاکەیی کۆبوویەوە و جەختی لەسەر جێبەجێکردنی پرۆژەی خزمەتگوزاری لەناوچەی کاکەییەکان کردەوە

رۆژی شەممە ٢٠٢٠/١/٢٥ دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە نوسینگەی تایبەتی خۆی لە شاری هەولێر پێشوازی کرد لە ژمارەیەک کەسایەتی دیاری کاکەيی کە پێکهاتبوون لە ئەدیب فەتاح ئاغا کاکەیی كەسايەتى ديارى کاکەییەکان، د. ئیسماعیل ساڵح کاکەیی مامۆستای زانکۆ، د. مەحموود ئەدیب کاکەیی مامۆستای زانکۆی کەرکووک و سەید محەممەد سەید ئیبراهیم نوێنەری کاکەییەکان.
لە کۆبوونەوەیەکدا هەردوولا بارودۆخی ئەمنی و خزمەتگوزاری ناوچەی کاکەییەکانیان لە هەردوو پارێزگای نەینەوا و کەرکووک تاوتوێ کرد.
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە پێویستە حکومەتی فیدراڵی خزمەتگوزاری زیاتر بگەیەنێتە ناوچەی کاکەییەکان و لە رووی ئەمنیشەوە ناوچەکە زیاتر کۆنترۆڵ بکرێت، چونکە داعش تاوەکو ئێستاش لەو ناوچانە هەیە و هەڕەشەکانی کۆتاییان نەهاتووە.
دکتۆر بەشیر حەداد، ئاماژەشی بەوەدا، ناوچەی کاکەییەکان لە هەردوو پارێزگای کەرکووک و نەینەوا مەیدانی شەڕی داعش بووە و بەوهۆیەشەوە زیانی زۆری پێگەشتووە و لە ماوەی ئەو چەند ساڵەشدا هیچ پرۆژەیەکی خزمەتگوزاری لەو ناوچانە ئەنجام نەدراوە، بۆیە پێویستە حکومەتی فیدراڵی ئاوڕی جدی لەو ناوچانە بداتەوە و پرۆژەی خزمەتگوزاری پێویست جێبەجێ بکات و کاریش بکات بۆ ئەوەی ئاوارەکان بگەڕێنەوە شوێنەکانی خۆیان.
لەلایەن خۆیانەوە شاندی کاکەییەکان سوپاسی دکتۆر بەشیر حەدادیان کرد بۆ ئەو پێشوازییە گەرمەی لێکردن و ئاماژەشیان بەوەدا کە بەڕێزیان هەمیشە خەمخۆری کاکەییەکان بووە و هەڵوێستەکانی بەرز دەنرخێنن و هیواشیان خواست ئاسایش و سەقامگیری تەواو بۆ هەموو ناوچەکانی وڵات بگەڕێتەوە و ئەوانش بتوانن بە ئارامی لە ناوچەکانیان دەست بە ژیانی ئاسایی خۆیان بکەنەوە.

نوسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
٢٠٢٠/١/٢٥