د.بەشیر حەداد: پێویستە هەر پلەیەکی دامەزاراندن بۆ کەرکووک دەردەچێت، بەشێوەیەکی و بەپێی قەبارەی پێکهاتەکان دابەش بکرێت

رۆژی شەممە ٢٠٢٠/١/٢٥ دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە نوسینگەی تایبەتی خۆی لە شاری هەولێر پێشوازی کرد لە ئەنجومەنی باڵای دەرچووانی دانەمەزراوی کورد لە شاری کەرکووک.
لە دیدارێکدا دکتۆر بەشیر حەداد رایگەیاند، ئەوان لە رێگەی پەرلەمانتارانی کەرکووکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە بەردەوام بە دواداچوون بۆ رەوشی کەرکووک دەکەن و لەسەر بابەتی ئەو ٢ هەزارو ٨٤١ پلەی دامەزراندنەی کە لە وەزارەتی پەروەردەوە درابوویە پەروەردەی کەرکووک و پاش بەدواداچوون بۆیان دەرکەوت کە نادادپەروەری تێدا کراوە، نوێنەری وەزارەتی پەروەردە و بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی کەرکووکیان بانگهێشتی لیژنەی پەروەردەی ئەنجومەنی نوێنەران کرد.
، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، ئەوان داوایان لە وەزارتی پەروەردە و بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی کەرکووک کردووە ئەو لستی دامەزراندنە رابگرن و پێداچوونەوەش بەناوی ئەو کەسانەدا بکرێت کە ناویان لەناو دامەزاراوەکاندا بووە و دواجار لەسەر شێوازێکی نوێ پلەکان دابەش بکرێنەوە کە هاوسەنگی پێکهاتەکان هەریەکەو بەپێی قەبارەی خۆی تێدا رەچاو بکرێت.
دکتۆر بەشیر حەداد رایگەیاند، هەر پلەیەکی دامەزرادن لە هەر وەزارەتێکەوە بۆ دامودەزگاکانی کەرکووک دەربچێت پێویستە هاوسەنگی نێوان پێکهاتەکانی ئەو پارێزگایەی تێدا رەچاو بکرێت و بەپێی قەبارەی پێکهاتەکان ئەو پلە دامەزراندنانە دابەش بکرێن، چونکە کەرکووک تایبەتمەندی خۆی هەیە و رەچاونەکردنی ئەو تایبەتمەندییە کاریگەری لەسەر ناسەقامگیری ئەو شارە دەبێت.
لەلایەن خۆیەوە ئەندام جەباری سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دەرچووانی دانەمەزراوی کورد لە شاری کەرکووک، بەناوی ئەنجومەنەکەوە سوپاسی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی کرد و رایگەیاند ئەوان ئاگاداری ئەوەن کە بەڕێزیان هەمیشە بەدواداچوونی بۆ کێشەی ھاونیشتمانیانی کەرکووک دەکات لە هەموو بابەتەکاندا و پێزانینی زۆریشیان هەیە بۆی و هیواشیان خواست کە بەڕێزیان بەردەوام بێت لە سەر پشتگیری کردنی خواستەکانی هاونیشتمانیانی کەرکووک.

نوسینگەی راگەیاندی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
٢٠٢٠/١/٢٥