سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران پێشوازی لە نوێنەرانی تۆڕی ژنانی عێراقی دەكات

محەمەد حەلبوسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران، ئەمرۆ پێنج شەممە، پێشوازی كرد لە ژمارەیەك نوێنەری تۆڕی ژنانی عێراقی، بە ئامادەبوونی ئاڵا تاڵەبانی سەرۆكی كۆمەڵەی ژنە پەرلەمانتارەكان و مەیسون ساعدی سەرۆكی لیژنەی ژنان و خێزان و منداڵ.
لەمیانی دیدارەكە گفتوگۆ سەبارەت بە یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی كرا لەگەڵ گرنگی دەركردنی، بەمەبەستی دانانی ئاستێك بۆ “توندوتیژی خێزانی”، كە بۆتە مەترسییەكی گەورە لەسەر كۆمەڵگە بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی باس لەزیادبوونی توندوتیژی دەكەن لەسەرجەم ناوچەكانی وڵات، لەوبارەیەوە نوێنەرانی تۆڕی ژنانی عێراقی تەئكیدیان كردەوە كە ئەو یاسایە سزادانی ئەنجامدەرانی توندوتیژی لە خۆ بگرێت.
لای خۆیەوە سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران تەئكیدی كردەوە لەسەر پشتیوانی خۆی بۆ هەموو هەوڵێك بەمەبەستی دەركردنی یاسای بەرنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی، ئەنجومەنی نوێنەرانیش سورە لەسەر دەركردنی لەماوەی داهاتوودا.

نوسینگەی ڕاگەیاندنی
سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران
23 تەموز 2020