د.بەشیر حەداد: کەرکوک تایبەتمەندی خۆی هەیە، پێویست دەکات بایەخێکی زیاتری پێ بدريت و رەچاوی هاوسەنگی و دادپەروەری بکريت لە بەشداری کردنی هەمووان لە پێناو گەشەی شارەکە و بەرەوپێشبردنی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان و بەهێزکردنی ئاشتی کۆمەڵایەتی

‎رۆژی چوارشەممە ٢٠٢٠/٨/١٩ دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەگەڵ شاندێکی پارێزگای کەرکووک کۆبووە کە پێکهاتبوون لە راکان سەعید جبوری پارێزگاری کەرکووک بە وەکالەت و بەڕێوەبەرانی گشتی تەندروستی و پەروەردەی کەرکووک و کارمەندانی کارگێڕی پارێزگا.
‎لە میانی کۆبوونەوەکەدا کە بەشێک لە نوێنەرانی پارێزگای کەرکووک لە ئەنجومەنی نوێنەران و دکتۆر سیروان عەبدوڵڵا سیرینی ئەمینداری گشتى ئەنجومەنی نوێنەران تێیدا ئامادەی بوون، بارودۆخی گشتی شارەکە خرایە روو و تیشک خرایە سەر پاڵپشتی پێویست و دابینکردنی دەرماڵەی دارایی زیاتر بۆ پارێزگاکە.
‎هەر لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆکرا لە بارەی پیشکەشکردنی خزمەتگوزاری بنەڕەتی بۆ هاوڵاتیان و چاودێری کردنی رێکارە خۆپارێزییەکان و چۆنییەتی رووبەڕووبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا و لێکەوتە مەترسیدارەکانی.
‎جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، کەرکوک تایبەتمەندی خۆی هەیە، پێویست دەکات بایەخێکی زیاتری پێ بدرێت و رەچاوی هاوسەنگی و دادپەروەری بکرێت لە بەشداری کردنی هەمووان لە پێناو گەشەی پارێزگاکە و بەرەوپێشبردنی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان و بەرزراگرتنی ئاشتی کۆمەڵایەتی و، جەخت کردنەوە لەسەر بەردەوامی پەیوەندییەکان لە نێوان پارێزگار و نوێنەرانی پارێزگای کەرکووک لە ئەنجومەنی نوێنەران بۆ گەڕان بەدوای چارەسەرێکی گونجاو بۆ ئەو کێشانەی کە پەیوەستن بە زەوییە کشتووکاڵییەکان و چارەسەرکردنی ناکۆکییە موڵکدارییەکان بە پشت بەستن بە یاسا و رێنماییە ئیدارەییەکان و گەڕانەوەی ماف بۆ خاوەنەکانیان.
‎دکتۆر بەشیر حەداد، ئاماژەی دا بە پێویستی بایەخدان بە بەدواداچوون و دواندن لەلایەن نوێنەرانی پارێزگای کەرکووک و جەختی کردەوە لەسەر رۆڵی قارەمانانەی پێشمەرگە لەگەڵ سوپا و حەشدی شەعبی لە جەنگی دژ بە تیرۆرستانی داعش لە ساڵی ٢٠١٤ ەوە و ئازادکردنی ژمارەیەک لە ناوچەکانی کەرکووک و ، بەردەوامیدان بە هەوڵەکان بۆ کۆتایی هێنان بە دۆسیەی ئاوارەکان و گەڕانەوەیان بۆ ناوچەکانی خۆیان.
‎لە کۆتاییدا دکتۆر بەشیر حەداد گوێبیستی وتەی پارێزگای کەرکووک بەوەکالەت و بەڕێوبەرەگشتییەکانی تەندروستی و پەروەردە بوو لەبارەی دۆخی خزمەتگوزاری و ئەمنی و ئاسایشی پارێزگاکە لەم قۆناغەدا و گرنگی دابینکردنی دەرماڵەی دارایی بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنان و بەردەوامدان بە پرۆژە خزمەتگوزارییەکان و پاڵپشتی رێکارە وەرگیراوەکان لەلایەن دامودەستگا پەیوەندیدارەکان، جەختیشی کردەوە لە پاڵپشتی و هاوکاری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ پارێزگاکە و سەرجەم پارێزگاکانی دیکەی عێراق لە چوارچێوەی یاسادانان و بڕیارەکان لە پێناو بەرەپێشبردنی دۆخی پارێزگاکە.

‎نوسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
٢٠٢٠/٨/١٩