د.بەشیر حەداد و سەرۆکی زانکۆی کەرکووک، کێشەو کەمووکوڕییەکانی پرۆسەی خوێندنیان لەو پارێزگایە بەگشتی و زانکۆی کەرکووک بەتایبەتی تاوتوێ کرد

‎رۆژی یەکشەممە ٢٠٢٠/٨/٣٠ دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە نوسینگەی خۆی لە شاری هەولێر، پێشوازی کرد لە دکتۆر سەباح ئەحمەد ئیسماعیل، سەرۆکی زانکۆی کەرکووک و مامۆستا ئەیاد خورشید، نوێنەری مامۆستایانی زانکۆی کەرکووک و ئەحمەد سەمەد نوێنەری قوتابیان.
‎لە دانیشتنێک دا باس لە پرۆسەی خوێندن لە پارێزگای کەرکووک بەگشتی و زانکۆی کەرکووک بەتایبەتی کرا و تیشک خرایە سەر هەموو ئەو کەمووکوڕیانەی کە رووبەڕووی پرۆسەی خوێندن بوونەتەوە لە پارێزگای کەرکووک.
‎جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژەی بەوەدا، کەرکووک شارى برایەتی و پێکەوە ژيانه و پێویستە هەموو پێکھاتەکانی ئەو پاريزگايە بەشدار بن له بەڕێوەبردنیدا و رەچاوی هاوسەنگى تەواو بکرێت له دابەشکردنی پۆستەکاندا ..
‎هەر لە کۆبوونەوەکەدا حەداد، جەختی لەسەر گرنگی هەماهەنگی بەردەوامی نێوان ئەنجومەنی نوێنەران و زانکۆی کەرکووک کردەوە لە رێگەی پەرلەمانتارانی کەرکووکی ئەنجومەنی نوێنەران و داواشی لێکردن هەر کێشەو کەموکورتیەک هەبێت لە رێگەی نوێنەرانی کەرکووکەوە بیگەیەننە ئەنجومەنی نوێنەران تاوەکو ئەوان چاودێری و بەدواداچوونی بۆ بکەن.
‎جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئامادەیی خۆیشی دەربڕی بۆ هەر هاوکاری و پشتیوانییەک بۆ سەرۆکی زانکۆی کەرکووک و پرۆسەی خوێندن لەو پارێزگایە و هیواشی خواست لە داهاتوویەکی نزیک دا پەتای کۆرۆنا لە وڵات دا نەمێنێت و قوتابیان لە ساڵی نوێی خوێندن دا بتوان بگەڕێنەوە هۆڵەکانی خوێندن و دەست بە خوێندنی خۆیان بکەنەوە.
‎لەلایەن خۆیانەوە دکتۆر سەباح ئەحمەد سەرۆکی زانکۆ و نوێنەری مامۆستایان و قوتابیان، سوپاسی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانیان کرد کە هەمیشە لە خەمی هاوڵاتیانی ئەو پارێزگایەدا بووە و بەدەم کێشە و داواکارییەکانیانەوە هاتووە و هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکانیانی داوە.

‎نوسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
‎یەکشەممە ٢٠٢٠/٨/٣٠