سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران پێشوازی لە سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەكات

محەمەد حەلبوسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران، ئەمرۆ چوارشەممە، پێشوازی كرد لە بەرێز نێچیرەڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و شاندی یاوەری.
لەدیدارەكەدا گفتوگۆ سەبارەت بە بارودۆخی سیاسی و دواپێشهاتەكانی دۆخی تەندروستی و كاریگەرییەكانی لەسەر باری ئابوری وڵات كرا.
هەر لەدیدارەكە تاوتوێی خشتەی كارەكانی ئەنجومەنی نوێنەران كرا لەگەڵ گرنگترین یاساكان بۆ قۆناغی داهاتوو، لە نێویاندا یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران، كە پێشتر ئەنجومەن دەنگی لەسەر دابوو، لەگەڵ گرنگی یەكلایی كردنەوەی بازنەكانی هەڵبژاردن و هەمواری یاسای دادگای باڵای فیدڕاڵی و چەند یاسایەكی تر.
جەختیش كرایەوە لەسەر بەردەوامبوونی وتوێژەكان و چارەسەركردنی پرسە هەڵپەسێردراوەكان بەپێی دەستوور و كاركردن بۆ سەرخستنی بەرژەوەندی باڵای نیشتمانی و هەماهەنگی بەمەبەستی تێپەڕاندنی قەیرانەكان و بوژانەوەی وڵات.
======
نوسینگەی ڕاگەیاندنی
سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران
2 ئەیلول 2020