د.بەشیر حەداد لەگەڵ بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پ د ك، رێکار و ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردنی داهاتوو و هاندانی دەنگدەرانیان بۆ ئەنجامدانی ئەزمونێکی نوێی دیموکراتی تاوتوێ کرد

رۆژی چوارشەممە ٢٠٢٠/٩/٩ دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە نوسینگەی تایبەتی خۆی لە شاری بەغدا پێشوازی کرد لە بەڕێز خەسرەو گۆران بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان.
لە کۆبوونەوەیەکدا کە دکتۆرە ڤیان سەبری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان و ريبوار هادى سەرۆکی لیژنەی ياسايى لە ئەنجومەنی نوێنەران و ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەن ئامادەی بوون، دوا پێشڤەچوونەکانی ناو گۆرەپانی سیاسی عێراق و هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەران و رێکارەکان و ئامادەکارییەکان لە لایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەوەکانەوە تاوتوێ کران.
دکتۆر بەشیر حەداد جەختی کردەوە لەسەر گرنگی بەردەوامی هەماهەنگی و هاوکاری نێوان هێز و پارتە سیاسیە نیشتمانییەکان بۆ پشتگیری کردن لە پرۆسەی سیاسی، ئاماژەشی بە گرنگی رۆشنبیرکردنی دەنگدەران و هاندانیان کرد بۆ بەشداریکردنیان لە ئەزمونێکی نوێی دیموکراتی لە هەڵبژاردنی نوێنەرەکانیان لە رێگەی سندوقەکانی دەنگدانەوە.

نوسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
چوارشەممە ٢٠٢٠/٩/٩