ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران كۆتایی به خوێندنه‌وه‌ی هه‌شت پڕۆژه یاسا دێنێت
ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ئه‌مڕۆ شه‌ممه 19/9/2020 له پێنجه‌مین دانیشتنی خولی چواره‌می ساڵی سێیه‌می وه‌رزی یه‌كه‌می یاسادانانی خۆیدا، به‌سه‌رۆكایه‌تی به‌ڕێز محه‌مه‌د حه‌لبوسی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌ن و ئاماده‌بونی 182 په‌رله‌مانتار، كۆتایی هێنا به خوێندنه‌وه‌ی هه‌شت پڕۆژه یاسا.
سه‌ره‌تا ئه‌نجومه‌ن خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌می بۆ پڕۆژه یاسای هه‌مواركردنی دادگای باڵای سزای عیراقی ژماره (10)ی ساڵی 2005 ته‌واوكرد.
دواتر ئه‌نجومه‌ن خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌می بۆ پڕۆژه یاسای ده‌سته‌ی نشتیمانی بۆ چاودێری ئه‌تۆمی و تیشك و كیمیاوی و بایه‌لۆجی ته‌واو كرد.
هه‌روه‌ها ئه‌نجومه‌ن كۆتایی هێنا به خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌م بۆ پڕۆژه یاسای به‌شداریكردنی عیراق له رێكه‌وتنامه‌ی نێوده‌وڵه‌تی بۆ هێله‌كانی بارهه‌ڵگرتنی ساڵی 1966 و پرۆتۆكۆلی هه‌مواركراوی ساڵی 1988 كه له‌ساڵی 2003 هه‌مواركرایه‌وه.
دواتر ئه‌نجومه‌ن كۆتایی هێنا به خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌م بۆ پڕۆژه یاسای په‌سه‌ندكردنی هه‌مواركردنه‌كانی سااڵی 1999 و 2003 له‌سه‌ر رێكه‌وتنامه‌ی دروستكردنی رێكخراوی جیهانی بۆ خاوه‌ندارێتی فیكری ئه‌وه‌ی له ساڵی 1967 له ستۆكهۆڵم ئیمزای له‌سه‌ر كراوه.
دواتر ئه‌نجومه‌ن كۆتایی هێنا به‌خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌م بۆ پڕۆژه یاسای به‌شداریكردنی عیراق لهپرۆتۆكۆلێكی تایبه‌ت به‌هاریكاری و خۆئاماده‌كردن و روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی روداوه‌كانی پیسبونی ژینگه به مادده‌ی مه‌ترسیدار بۆ ساڵی 2000.
هه‌روه‌ها ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌می بۆ پرۆژه یاسای به‌شداریكردنی عیراق له رێكه‌وتنامه‌ی نێوده‌وڵه‌تی بۆ سهلامهتبونی حاویهكانی ساڵی 1972 ته‌واو كرد.
دواتر ئه‌نجومه‌ن كۆتایی هێنا به خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌م بۆ پڕۆژه یاسای به‌شداریكردنی عیراق له رێكه‌وتنامه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ساڵی 1992 تایبه‌ت به به‌رپسیارێتی مه‌ده‌نی سه‌باره‌ت به پیسبونی ژینگه به ڕۆن.
هه‌روه‌ها ئه‌نجومه‌ن كوتایی هێنا به خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌م بۆ پڕۆژه یاسای به‌شداریكردنی كۆماری عیراق له هه‌مواركردنی رێكه‌وتنامه‌ی بازلی تایبه‌ت به گواستنه‌وه‌ی پاشماوه‌ی مه‌ترسیدار بۆ ده‌ره‌وه‌ی سنور.
له‌لایه‌ن خۆیه‌وه نوێنه‌ری حكومه‌ت له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران رونیكرده‌وه كه ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن سوره له‌سه‌ر چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان وناردنی پڕۆژه یاسای بودجه‌ی گشتی ساڵی 2020 له هه‌فته‌ی داهاتودا پاش ته‌واوكردنی له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه‌وه.
له‌كۆتاییدا دانیشتنه‌كه بۆ ڕۆژی دووشه‌ممه 21/9/2020 هه‌ڵگیرا.
فه‌رمانگه‌ی ڕاگه‌یاندنی
ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران
19/9/2020