د.بەشیر حەداد جەخت لە گرنگی ئەو یاسایانە دەکاتەوە کە پەیوەندیان بە چاككردنى بارودۆخی ھاوڵاتیان و گوزەرانی خەڵکەوە ھەیە

دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق جەخت لە گرنگی ئەو یاسایانە دەکاتەوە، کە پەیوەندیان بە چاككردنى دۆخی ژيانى ھاوڵاتێان و گوزەرانی خەڵکەوە هەیە و ئاماژەش بەوە دەکات کە پێویستە بۆ ئەم مەبەستە ھەوڵی زيادكردنى داهات و کەمکردنەوەی خەرجیە زيادەكان بدرێت.
رۆژی دووشەممە ٢٠٢٠/٩/٢١، دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق سەرپەرشتی کۆبوونەوەی لیژنەی نەوت و وزە و سامانە سروشتییەکانی پەرلەمانی کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا کە هەیبەت حەلبووسی سەرۆکی لیژنە و ئەندامانی لیژنەکە ئامادەی بوون گفتوگۆ لەسەر چەندین بابەت کرا، لە سەرووی هەموویانەوە هەموارکردنی یەکەمی یاسای کۆمپانیای نەوتی نیشتمانیی عێراقی، کە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە رەوانەی پەرلەمان کراوە، پاڵپشت بە هەردوو ماددەی (٦١/ یەکەم و ٨٠/ بەندی دووەم) لە دەستووری عێراق.
لەمیانەی قسەکانیدا، دکتۆر بەشیر حەداد جەختیکردەوە لە سەر گرنگی ئەو یاسایە و بە پێویستیشى زانى كە گفتوگۆ و دانیشتنى زياترى له بارەوە بكريت، هاوکات داوای لە لیژنەکانی پەرلەمانیش کرد هەوڵەکانیان چڕبکەنەوە و بەردەوامبن لە کۆبوونەوەی لیژنەکان، بەمەبەستی پەلەکردن لە رەخساندنی زەمینەی پرۆژەیاساکان لە چوارچێوەی دەستوور و پەیڕەوی ناوخۆدا، کە گونجاو بێت لە گەڵ قۆناغی ئێستا و پێویستییەکانی هاووڵاتیان لە دابینکردنی خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان و دەستەبەرکردنی سەقامگیری لە تەواوی وڵاتدا.

نوسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
دووشەممە ٢٠٢٠/٩/٢١