د.بەشیر حەداد جەخت لە گرنگی بەڕێوەچوونی دیالۆگی کوردی- عەرەبی لە نێوان نووسەرانی کوردستان و ناوچەکانی دیکەی عێراق دەكاتەوه

رۆژی پێنج شەممە ٢٠٢٠/١٠/١ دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە شاری هەولێر سەردانی یەکێتی نوسەرانی کورد-لقی هەولێری کرد و لەلایەن بەڕێزان عەبدولڕەحمان فەرهادی سەرۆکی یەکێتی نوسەرانی کورد-لقی هەولێر و مەسعود پەرێشان جێگری سەرۆک پێشوازی لێکرا.
لە کۆبوونەوەیەکدا جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەستخۆشی لە یەکێتی نوسەرانی کورد-لقی هەولێر کرد کە توانیویانە لەم بارودۆخە سەختەدا بەردوامی بە کاروچالاکییەکانیان بدەن و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواستن.
هەر لە کۆبوونەوەکدا جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران جەختی لەسەر گرنگی هاوکاری و هەماهەنگی زیاتر لە نێوان نووسەران و رۆشنبیرانی هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دیکەی عێراق کردەوە و بە پێويستىی زانی کە بەردوام لە کۆبوونەوە و سمینار و چالاکییەکانی یەکتریدا بەشدار بن و پەیوەندییەکانیان بەهێزتر بکەن.
حەداد بەپێویستیشی زانی کە بۆ داهاتوو بیر لە دروستکردنی دیالۆگی کوردی – عەرەبی لە نێوان نووسەران و روناکبیرانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ بکرێتەوە بۆ ئەوەی بتوانن ببنە هەوێنی ئاسایش و ئارامی و سەقامگیری وڵات.

نوسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
پێنج شەممە ٢٠٢٠/١٠/١