د.بەشیر حەداد بۆ کچانی رزگار بووی دەستی داعش : كار دەکەين بۆ به جینۆساید ناساندنى كەيسەكەتان و پێویستە عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی قەرەبووی ماددی و مەعنەویتان بکاتەوە

رۆژی دووشەممە ٢٠٢٠/١٠/٥ دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە نوسینگەی تایبەتی خۆی لە شاری هەولێر پێشوازی کرد لە ژمارەیەک کچانی رزگار بووی دەستی داعش کە بە هەماهەنگی و ئامادەبوونی رێکخراوی نێودەوڵەتی پێشمەرگە سەردانەکەیان ئەنجام دابوو.
‎لە کۆبوونەوەیەکدا دکتۆر بەشیر حەداد روویکردە کچانی رزگاربووی دەستی داعش و پێی راگەیاندن:”ئەوەی روویدا ئێوە لێی بەرپرس نین و ئێوە لە گوڵ خاوێنتر و پاکترن و ئێوە شەرەفی ئێمە و هەموو عێراقن، بۆیە هیچ کات لەسەر ئەو بابەتەی بەسەر ئێوەدا هاتووە خۆتان سەرزەنشت نەکەن.”.
‎جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران ئاماژەشی بەوەدا، ئەوەی بەسەر کوردانی ئێزدیدا هات بابەتێک نییە تەنیا پەیوەست بێت بە هەرێمی کوردستان، بەڵکو بابەتێکی عێراقى و نێودەوڵەتيشە و پێویستە بە جینۆساید بناسرێت و دانیشتوان و کەسوکاری زیان لێکەوتووانی دەستی داعش لەلایەن عێراق وکۆمەڵگەی نێو دەوڵەتیەوه قەرەبوو بکرێنەوە.
‎سەبارەت بە پرۆژە یاساى (رزگاربوانی كچانى ئيزدى) کە لەلایەن سەرۆکایەتی کۆماری عێراقەوە رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران کراوه، حەداد رایگەیاند: ” ئەو پرۆژە یاسایە خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆ کراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا نەخراوەتە دەنگدانەوە و پێویستە راوبۆچوونی کوردانی ئێزدی و رزگاربووانی دەستی داعش وەربگیرێت ئەو کات ئەو یاسایە دەنگی لەسەر دەدرێت.”
‎دکتۆر بەشیر حەداد جەختیشی لەسەر پشتیوانی خۆی وەکو جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی نوێنەران کردەوە بۆ رزگاربووانی دەستی داعش و رایگەیاند ئەوان لە دوای ئەوەی ئەو پرۆژە یاسایە پەسەند دەکرێت بەردەوام چاودێری دەکەن تاوەکو بزانن چۆن یاساکە جێبەجێ دەکرێت. بە پێویستیشی زانی حکومەتی فیدراڵی بەهەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بەزوترین کات کاربکات بۆ گەڕانەوەی دانیشتوانی شنگال و دەوروبەری و گەیاندنى خزمەتگوزاری پێویست بۆ ناوچەکانیان و قەرەبوو كردنەوەیان.

‎نوسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
‎دووشەممە ٢٠٢٠/١٠/٥