‎به بۆنەی رۆژی جیهانی مامۆستایان د.بەشیر حەداد پیرۆزبایی لە مامۆستایانی کوردستان و پشتیوانی داوا رەواکانیان دەكات

‎رۆژی سێشەممە ٢٠٢٠/١٠/٦ دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە یاوەری دکتۆر محەممەد شاکر ئەندامی لیژنەی خوێندنی باڵای ئەنجومەنی نوێنەران، سەردانی مەکتەبی سکرتاریەتی یەکێتی مامۆستایانی کوردستانیان لە شاری هەولێر کرد و لەلایەن بەڕێز مامۆستا ئەحمەد گەرمیانی سەرۆکی یەکێتی مامۆستایان و مامۆستا عەتا ئەحمەد جێگری سەرۆکی یەکێتی مامۆستایان و مامۆستا عەبدولڕەحمان رەشید سەرۆکی لقی هەولێری یەکێتی مامۆستایانەوە و ئەندامانی مەکتەبی سکرتاریەت و ژمارەیەک لە مامۆستایانەوە پێشوازی لێکرا.
‎لە دیدارێکدا دکتۆر بەشیر حەداد بە بۆنەی رۆژی جیهانی مامۆستایان، لە رێگەی یەکێتی مامۆستایانی کوردستانەوە و بەناوی خۆی و فراکسیۆنە کوردستانییەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە پیرۆزبایی لە مامۆستایانی کوردستان کرد و هیوای خواست ئەو یادە ببێتە هاندەرێکی زیاتر تاوەکو مامۆستایان بەشێوەیەکی باشتر پەیامە پیرۆزەکەی خۆیان بگەیەننە قوتابییە خۆشەویستەکان.
‎جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران وێڕای دەربڕینی پاڵپشتی و پشتيوانى خؤى بۆ ماف و داوا رەواکانیان، رایگەیاند، مامۆستایانی کوردستان سەرباری ئەو هەموو سەختی و ناخۆشی و نەهامەتییەی کە بەسەریاندا هاتووە، بەڵام هیچ کات وازیان لە گەیاندنی پەیامەکەی خۆیان نەهێناوە و بەردەوام پێشمەرگە ئاسا نەیانهێشتووە پرۆسەی پەروەردە و خوێندن لە هەرێمی کوردستان بوەستێت، هیواشى خواست ساڵی نوێی خوێندن ببێتە ساڵی خۆشی و رزگاربوون لە پەتای کرۆنا و گەڕانەوەی قوتابیان و مامۆستایان بۆ ناو هۆڵەکانی خوێندن.

‎نوسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
‎سێشەممە ٢٠٢٠/١٠/٦