د.بەشیر حەداد پێشوازی لە رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا لەبارەی ئاساییکردنەوەی بارودۆخی شنگال دەکات

دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پێشوازی لە رێککەوتنی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات کە بەمەبەستی ئاساییکردنەوەی بارودۆخی شنگال واژوو کرا.
لە بەیاننامەیەکی فەرمی دا رۆژی شەممە ٢٠٢٠/١٠/١٠ دکتۆر بەشیر حەداد پێشوازی کرد لە رێککەوتنی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان کە ئێوارەی رۆژی هەینی بە مەبەستی ئاساییکردنەوەی بارودۆخی شاری شنگال واژووکرا کە ئەوەش لە ئەنجامی هەوڵ و کۆبوونە بەردەوامەکانی شاندی دانوستاندکاری نێوان هەولێر و بەغدا بوو.
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، کە ئەو رێککەوتنەی نێوان هەولێر و بەغدا لە بارەی شنگالەوە کاریگەری راستەوخۆی دەبێت لەسەر خێراكردنى گەڕانەوەی خانەوادە ئاوارەکانی ئەو ناوچانە بۆ شوێنەکانی خۆیان و دابینکردنی ئاسایش و سەقامگیری بۆیان، ئاماژەشیدا کە رێککەوتن لەسەر ئەوەی ئەو ناوچانە بەشێوەیەکی هاوبەش بەڕێوە ببرێن کاریگەری راستەوخۆی دەبێت لەسەر بابەتی ئەمنی و ئیداری و خزمەتگوزاری و بونیات نانی ژێرخانی ناوچەكه بۆ گەڕانەوەی ژیانی ئاسایی و ئاوەدانکردنەوە کە بەهۆی شەڕی دژی داعشەوە زیانی پێگەشتووە.
حەداد سوپاسی هەڵوێست و رۆڵی نێردەی تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان کرد لەو رێککەوتنەدا کە بە ئامادەبوونی مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئێوارەی واژووکرا و ئاماژەشی بەوەدا کە ئەو رێککەوتنە سەرەتایەکی هیوابەخشە بۆ چارەسەرکردنی تەواوی کێشەی ناوچە کێشە لەسەرەکان لە تەواوی عێراق دا.

نوسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
شەممە ٢٠٢٠/١٠/١٠