د.بەشیر حەداد سەرپەرشتی کۆبوونەوەی لیژنەی چاودێری جێبەجێکردنی بەرنامەی حکومەت و پلانى ستراتیژی کرد
رۆژی سێشەممە ٢٠٢٠/١٠/١٣ دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق سەرپەرشتی کۆبوونەوەی لیژنەی چاودێری جێبەجێکردنی بەرنامەى حکومەت و پلانى ستراتیژی کرد کە تێیدا سەرۆک و ئەندامانی لیژنە ئامادەبوون.
لە کۆبوونەوەکەدا کە میوانداری دکتۆر عەلا ئەلجبوری وەزیری بازرگانی و کاديرە پێشکەوتووەکانی وەزارەت کرابوو، تێیدا تاوتوێی چەندین بابەت کرا کە تایبەت بوون بە پسولەی خۆراک و رێککەوتنە بازرگانییەکانی نێوان عێراق و وڵاتانی دراوسێ و جیهان و لێکەوتەکانی قەیرانی ئابووری کە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە وڵات تووشی بووە و رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی لە قۆناغی داهاتوودا.
لە کۆبوونەوەکەدا دکتۆر بەشیر حەداد ئاماژەی دا کە ئەنجومەنی نوێنەران چاودێری کاروباری هەموو وەزارەتەکان دەکات لە رێگەی لیژنە پەيوەندارەکانەوه بۆ جێبەجێکردنی بەرنامەکانی حکومەت و چاکسازییە پێویستەکان لە دامودەزگاکانی حکومەت و بەهێزکردنی رۆڵی وەزارەتە خزمەتگوزارییەکان، بەتایبەت وەزارەتی بازرگانی کە ئەرکێکی گەورەی لەسەر شانە لەوانەش پشتیوانی ئابووری وڵات و دابینکردنی ئاسايشى خۆراک.
لەلایەن خۆیەوە وەزیری بازرگانی باسی لە هەوڵە بەردەوامەکانی وەزارەتەکەی کرد بەپێی بەرنامەکانی حکومەت و پیداویستییەکانی ئەم قۆناغە بۆ روبەڕوبوونەوەی هەڕەشە ئابووری و تەندروستییەکان کە بە هۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە وڵات پێوەیان گیرۆدە بووە.
نوسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
سێشەممە ٢٠٢٠/١٠/١٣