د.بەشیر حەداد: بازنەی ھەڵبژاردنەکان لە ھەردوو پارێزگای نەینەوا و کەرکووک دەنگی لەسەر نادرێت بێ رێککەوتنی نێوان پێکھاتەکان

رۆژێ دووشەممە ٢٠٢٠/١٠٢٦ دەستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران عێراق کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ پەرلەمانتارانی کەرکووک و نەينەوا ئەنجامدا.
لە کۆبوونەوەکەدا دکتۆر بەشیر حەداد ئاماژەی بەوەدا دواخستنی دەنگدان لەسەر دابەشکردنی بازنەکانی ھەڵبژاردن لە پارێزگای نەینەواو کەرکووک دوای دەنگدانی ئەنجومەنی نوێنەران لەسەر بازنەکانی ھەڵبژاردن بۆ ١٦ پارێزگا لە دانیشتنی رۆژی شەممەی رابردوو، لە پێناو پێدانی دەرفتێک بوو بە نوێنەرانی پێکھاتەکان بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێک کە جێی رەزامەندی سەرجەم لایەنەکان بێت.
دکتۆر بەشیر حەداد راشیگەیاند:”بازنەی ھەڵبژاردنەکان لە ھەردوو پارێزگای کەرکووک و نەینەوا دەنگی لەسەر نادرێت تاوەکو لە نێوان نوێنەرانی پێکھاتەکانی ئەو دوو پارێزگایە رێککەوتن نەکرێت.”
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران ئاماژەشی بەوەدا کە ئەنجومەنی نوێنەران ھەمیشە ھەوڵ دەدات بۆ گێڕانی ئەو رۆڵەی کە پێی سپێردراوە و دەرکردنی یاسا پێویستەکان بەشێوەیەک کە لە گەڵ ئەم قۆناغە و داخوازییەکانی جەماوەردا بگونجێت و مافی گشت پێکھاتەکان پارێزراو بێت.

نوسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
دووشەممە ٢٠٢٠/١٠/٢٦