د.بەشیر حەداد: گلەیی زۆرمان ھەیە له فراکسیۆنەکانی پەرلەمان و ھێزە نیشتمانیەکانى عيراق کە چاوەڕێمان دەکرد وەڵامی داخوازییەکانى فراکسیۆنە کوردستانییەکانیان بە دواخستنی پەسەند کردنی یاسای قەرز بدایەتەوە
دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق نیگەرانی خۆی سەبارەت بە تێپەڕکردنی یاسای قەرز لە ئەنجومەنی نوێنەرانی دەربڕی و رایگەیاند، بەداخەوەین بۆ ئەو بابەتەی کە لە کۆبوونەوەی رابردووی ئەنجومەنی نوێنەران روویدا، کە فراکسێۆنە سیاسیەکان بێ گوێدانە داخوازی برایان و ھاوبەشەکانیان لە فراکسیۆنە کوردستانیەکان بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێک لەبارەی شایستەکانی ھەرێمی کوردستان و مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان لە یاسای یاسای قەرز وەکو فەرمانبەرانی دیکەی عێراق بۆ ئەو سێ مانگەی ساڵی ٢٠٢٠ کە ماوە.
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند:” گلەیی زۆرمان ھەیە له فراکسیۆنەکانی پەرلەمان و ھێزە نیشتمانییەکان، ئەوەی روویدا ئەوە نەبوو کە ئێمە چاوەڕێمان دەکرد، بەڵکو چاوەڕێی ئەوەمان دەکرد وەڵامدانەوەیەکی ئەرێنییان بۆ داخوازییەکەی ئێمە ھەبێت، بۆ دواخستنی دەنگدان لەسەر ئەو یاسایە بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک لە بەرەبەیانی رۆژی پێنج شەممە ١٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠ ، تا ئەو کاتەی کە دەگشتنە رێککەوتنێک لەگەڵ فراکسیۆنە کوردستانییەکان بۆ ئەوەی کۆدەنگییەکی نیشتمانی ھەبێت بۆ دابینکردنی مافی تەواوی پێکھاتەکانی عێراق لە پرۆژە یاسای قەرز، لە ھەمان کاتیش دا سوپاسی دەستەی سەرۆکایەتی و ئەو ئەندامە بەڕێزانە دەکەین کە نیگەران بوون لە تێپەڕکردنی ئەو یاسایە و کاریان کرد بۆ دواخستنی.”
نوسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
ھەینی ٢٠٢٠/١١/١٣