پەیامی دکتۆر بەشیر حەداد بۆ رۆژی جیهانیی نەهێشتنی توندوتیژی دژی ئافرەتان

لە ساڵیادی رۆژی جیهانیی نەهێشتنی توندوتیژی دژی ئافرەتان، پشتیگیری و پشتیوانی خۆمان بۆ تەواوی ماف و داخوازییەکانی ئافرەتانی عێراق و هەرێمی کوردستان دوپات دەکەینەوە.
هیواخوازین لەو ١٦ رۆژەی کە بۆ ئەنجام دانی چالاکیی رووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان دیاری کراوە، هەموو لایەک بتوانین هاوکاربین لە کەمکردنەوەی ئەو توندوتیژییەی کە تاوەکو ئێستا لە کۆمەڵگادا ماوە و دژی بە دایک و خوشک و کچەکانمان دەکرێت.
پەروەدەی خێزانی بنەمایەکی گرنگی دروستبوونی کۆمەڵگەیەکی تەندروست و سەقامگیرە، هەر بۆیە گرنگیدانی زیاتر بە خێزان، گرنگی دانە بە یەکەیەکی گرنگی کۆمەڵگا، ئەگەر پەروەردە لە خێزانەوە بە دروستی هات ئەوا کۆمەڵگەکەشمان کۆمەڵگەیەکی تەندروست و دوور لە توندوتیژی دەبێت و دەبێتە کۆمەڵگەیەک کە ئاشتی کۆمەڵایەتی تێدا بەرقەرار دەبێت.
داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین کە بە هیچ شێوەیەک چاوپۆشی لەو تاوانانە نەکات کە بەناوی نامووسەوە دژ بە ئافرەتانی وڵاتەکەمان دەکرێن، پێویستە بکەری ئەو تاوانانە بە توندترین شێوە سزا بدرێن تاوەکو کەسی دیکە نەتوانێت کارێکی لەو شێوەیە دووبارە بکاتەوە.

دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
٢٠٢٠/١١/٢٥