د.بەشیر حەداد لە گەڵ ژمارەیەک لە مامۆستایانی گروپی قوتابخانەکانی سترلنگ و تیشک لە هەرێمی کوردستان و عێراق پرۆسەی خوێندنیان تاوتوێ کرد

رۆژی دووشەممە رێککەوتی 2020/11/30، دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە نوسینگەی تایبەتی خۆی لە شاری هەولێر پێشوازی کرد لە د.ئومێد ئاروزەری بەڕێوەبەری قوتابخانەکانی گروپی سترلنگ و تیشک لە ناوەڕاست و خوارووی عێراق و مامۆستا ساکار ئیسماعیل بەڕێوەبەرى بەشی قوتابخانەکانی ھەرێم، و مامۆستا رافد ئەنوەر یاریدەری بەڕێوەبەر.
لە کۆبوونەوەیەکدا تیشک خرایە سەر پرۆسەی خوێندن لە عێراق و هەرێمی کوردستان کە ئێستا بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە بەشێوەی ئەلیکترۆنی دەخوێنرێت و شاندی میوانیش باسیان لە چۆنییەتی خوێندن کرد لە گروپی قوتابخانەکانی سترلینگ و تیشک لە هەرێمی کوردستان و ناوەڕاست و خوارووی عێراق كرد، و سوپاسی دکتۆر بەشیر حەدادیان کرد کە بەردەوام هاوکاریان بووە لە چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی کە رووبەڕوویان بووەتەوە بە تایبەت لە شارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق.
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیش خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بە سەردانی شاندەکە و ئاماژەی بەوەدا کە گروپی قوتابخانەکانی سترلنگ تیشک بە شێوەیەکی بەرچاو کاری پەروەردە و فێرکردنیان جێبەجێ کردووە و لە چوارچێوەی ئەو بەرنامە و پرۆگرامانەش کە پەیڕەوی دەکەن لە ئاستێکی زانستى باشدان و هەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە قوتابیانى گروپەکە له نێو خوێندکارە یەکەم و دووەمەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق دەرخەری ئەو راستییەیە.
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق راشیگەیاند پيويسته ھەردوو وەزارەتی پەروەردە له حکومەتی هەرێم و عيراقيش بەردەوام پاڵپشت و هاوکاری کەرتی پەروەردە و كاروانى زانست بن، بۆ ئەوەی پرۆسەی خوێندن بەردەوام بێت و گوتیشی ئەوەی لە توانای ئەوان دا بێت وەکو جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ بەرەو پێش بردنی پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن لە عێراق و هەرێمی کوردستان هاوکار و پشتیوانیان دەبن.

نوسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
دووشەممە 2020/11/30