د.بەشیر حەداد داوای کارکردنی زیاتر لە لیژنەکانی پەرلەمان دەکات بۆ بەدواداچوون و رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتی له دامەزراوەکانی دەوڵەتدا
رۆژی چوارشەممە ٢٠٢٠/١٢/٩، کە رۆژی جیهانی بەرنگاربوونەوەی گەندەڵییە، دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق داوای لە لیژنە پەرلەمانیەکانی ئەنجومەنی نوێنەران کرد، کاری زیاتر بکەن بۆ بەدواداچوون و رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتی.
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند:” لە رۆژی جیهانی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵیدا داوا لە لیژنەکانی ئەنجومەنی نوێنەران و دەستەی دەستپاکی و دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی و داواکاری گشتی و ئەنجومەنی دادوەری دەکەین، کاری جدی بکەن بۆ بەدواداچوون و ئاشکراکردنی مەلەفی گەندەڵی کە بوونەتە هۆی قەیران و تێکدانی وڵات و لەناو بردنی ژێرخانی ئابووری.”
دکتۆر بەشیر حەداد ئاماژەشی بەوەدا کە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کار دەکات بۆ پەسەندکردنی ياساكانى لێپرسینەوە و چاکسازی بۆ رووبەڕووبەوەی گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتی، ئەویش لە رێگەی پێکهێنانی لیژنەکانی لێکۆڵینەوە و لیژنە وردبینییەکان بۆ بەدواداچوونی کاروباری ئیداری و هونەری لە وەزارەتەکان و دامودەزگاکانی دیکەی دەوڵەت.
حەداد راشیگەیاند:”هیوادارین هەموولایەکمان بە جدی کار بکەین بۆ گەڕانەوەی پێگەی ئەنجومەنی نوێنەران و گەڕانەوەی متمانە لە نێوان ئەنجومەنی نوێنەران و شەقام.”
نووسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
پێنجشەممە ٢٠٢٠/١٢/١٠