د.بەشیر حەداد: پرۆژە یاسای بودجە ساڵی ٢٠٢١ گەیشتە پەرلەمان د.بەشیر حەداد: وەرزی یەکەمی یاسادانان لەساڵی سێیەمی یاسادانان بۆ ماوەی مانگێک درێژ کرایەوە

رۆژی سێشەممە ٢٠٢٠/١٢/٢٩، دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، ئەمڕۆ سێشەممە پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢١ لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵییەوە گەیشتە ئەنجومەنی نوێنەران و لەسەرەتای مانگی داھاتووشدا پەرلەمان بۆ گفتوگۆکردن لەسەری کۆدەبێتەوە.
دکتۆر بەشیر حەداد، ئاماژەشی بەوەدا کە گفتوگۆکردن لەسەر ئەو پرۆژە یاسایە ماوەی ٢٠ رۆژ تاوەکو مانگێک دەخایەنێت و ئەنجومەنی نوێنەرانیش دەتوانێت گۆڕانکاری لە ناوەڕۆکی یاساکەدا بکات.
حەداد راشیگەیاند، چاوەڕێ دەکرێت لە یاسای بودجەدا پشکی ھەرێمی کوردستان بە پێی رێککەوتنی نێوان ھەولێر و بەغدا و پابەندبوونی ھەردوولا بە دەستوورەوە جێگیر بکرێت، و گۆڕانکاریش لە یاساکەدا بکرێت بە ئاراستەی پاراستنی بەرژەوەندی فەرمانبەران و چینی ھەژار.
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق راشیگەیاند، بەمەبەستی گفتوگۆکردن و تەواوکردنی چەند پرۆژە یاسایەکی گرنگ و لە نێوانیشیان دا پرۆژە یاسای بودجەی گشتی ساڵی ٢٠٢١ ی عێراق، دەستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران وەرزی یەکەمی یاسادانان لە ساڵی سێیەمی یاسادانانی بۆ ماوەی مانگێک، واتە لە ٢٠٢١/١/٣ تاوەکو ٢٠٢١/٢/٣ درێژکردەوە.

نووسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
سێشەممە ٢٠٢٠/١٢/٢٩