د.بەشیر حەداد سەرکۆنەی کردەوە تیرۆرستییەکەی شاری بەغدا دەکات کە بەهۆیەوە دەیان هاووڵاتی سڤیل بوونە قوربانی

د.بەشیر حەداد داوا لە بەرپرسانی ئەمنی دەکات رێکاری ئەمنی توند بگرنە بەر و کاری پێویست بکەن بۆ دۆزینەوەی شانە نووستوەکانی تیرۆرستان

لە بەیاننامەیەکدا دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە توندی سەرکۆنەی ئەو کردەوە تیرۆرستییە دەکات کە لە ناوچەی باب شەرقی- گۆڕەپانی تەیەران لە ناوەڕاستی شاری بەغدا روویداو بەهۆیەوە دەیان هاووڵاتی بێ تاوان بوونە قوربانی.
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند:” بە توندی ئەو کردەوە تاوانکارانە سەرکۆنە دەکەین و داواش لە فەرماندە ئەمنییەکانی بەغدا دەکەین بە زووترین کات رێکاری ئەمنی توند بگرنە بەر و کار بکەن بۆ دۆزینەوەی شانە نووستووەکانی تیرۆرستان.”
حەداد داواش دەکات کە هەوڵە هەواڵگرییەکان چڕتر بکرێنەوە و هەمانگی زیاتر هەبێت لە نێوان دەزگای ئەمنییەکان بۆ بن بڕکردنی تیرۆر بە هەموو شێوازەکانییەوە.
لە کۆتایی دا جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران پرسەو سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی کەس و کارو خانەوادەی قوربیانیانی ئەو کردەوە تیرۆرستییە دەکات و هیوای زوو چاکبوونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازێت.

نووسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
پێنجشەممە ٢١ کانوونی دووەمی ٢٠٢١