د.بەشیر حەداد پێشوازی لە شاندێکی مانگرتووانی ناوچەی عەللاوی شاری بەغدا کرد و بەڵێنی دا لە رێگەی لیژنەکانی پەرلەمانەوە داواکارییەکانیان بگەیێنێتە حکومەت
رۆژی چوارشەممە رێککەوتی2021/1/27، دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە نووسینگەی تایبەتی خۆی لە شاری بەغدا، پێشوازی کرد لە شاندێکی مانگرتووانی ناوچەی عەللاوی لە ناوەڕاستی بەغدا، کە پێکهاتوون لە ژمارەیەک دەرچووانی کۆلێژ و پەیمانگە جیاوازەکانی عێراق کە گرێبەستەکانیان لە لایەن وەزارەتی بەرگرییەوە هەڵوەشێنراوەتەوە. ئەو گەنجانە لە پارێزگا جیاوازەکانی عێراقەوە هاتوون و لە ناوچەی عەللاوی دەستیان بە خۆپیشاندانی هێمنانە کردووە و کە لە ساڵی ٢٠١٩ەوە بەردەوامە.
لە دیدارەکەدا جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، گوێی لە داواکاری و کێشە و گرفتەکانی رۆژانەی ئەندامانی شاندەکە گرت کە بەهۆی خۆپیشاندان و مانگرتنە بەردەوامەکەیانەوە تووشیان دەبێت.
دکتۆر بەشیر حەداد، روونیکردنەوە کە ئەم قۆناغە قۆناعێکی ئاسان نییە و چەندین کێشە و گرفتی ئەمنی و ئابووری و تەندروستی بەرۆکی وڵاتیان گرتووە، ئەوەش بەهۆی شکست خواردن لە بەڕێوەبردن و نەبوونی پلانی پەرەپێدان و گەشەسەندن لە ساڵانی رابردوودا.
حەداد، پشتیوانی خۆی بۆ داخوازییەکانی گەنجان و دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگەکان کردەوە و بەڵێنیشی بە ئەندامانی شاندەکە دا کە داواکارییەکانیان لە رێگەی لیژنە پەیوەندیدارەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە دەگەیێنێتە حکومەت و بەردەوامیش دەبن لە هەوڵەکانیان لە ئەنجومەنی نوێنەران بۆ ئەوەی یاسای بودجەی ساڵی 2021 بەشێوەیەک پەسەند بکریت کە وەڵامدەرەوەی داخوازییەکانی هاووڵاتیان بێت و ئەو قەیرانە داراییەش تێپەڕێنێت.
نووسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
چوارشەممە 27 کانوونی دووەمی 2021