د.بەشیر حەداد، لەگەڵ وەزیری رۆشنبیری عێراق، تاوتوێی یاسای جەژنی نیشتمانی کۆماری عێراقیان کرد

‎رۆژی چوارشەممە، رێکەوتی 24 شوباتی 2021، دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە نووسینگەی تایبەتی خۆی لە شاری بەغدا پێشوازی کرد لە د.حەسەن نازم، وەزیری رۆشنبیری عێراق و شاندێکی یاوەری.
لە کۆبوونەوەیەکدا، کە سەمیعە غەلاب، سەرۆکی لیژنەی رۆشنبیری و گەشتوگوزار و شوێنەواری ئەنجومەنی نوێنەران و ژمارەیەک لە ئەندامانی لیژنەکە تێیدا ئامادەبوون، باس لە چەندین بابەتی گرنگ کرا کە جێگەی بایەخی ھەردوولا بوون، لە پێش ھەمووشیانەوە پرۆژە یاسای جەژنی نیشتمانی کۆماری عێراق، و یاسای پشووەکان و رێوڕەسمە فەرمییەکان.
لە گوتەیەکدا، دکتۆر بەشیر حەداد جەختی لەسەر گرنگی دەرچوونی یاسای وەزارەتی رۆشنبیری و رێکخستنی کاری وەزارەت بەشێوەیەکی یاسایی کردەوە، و ئاماژەشی بە گرنگی بەردەوامی ھاوئاھەنگی و ھاوکاریی نێوان وەزارەت و لیژنەی رۆشنبیری ئەنجومەنی نوێنەران و تێپەڕکردنی کێشە و رێگریەکانی بەردەم پرۆژە یاساكانى وەزارەت و چالاککردنی چالاکییە رۆشنبیرییەکان و زیندووکردنەوەی شوێنەوارەکان کردەوە.
لەلایەن خۆیەوە وەزیری رۆشنبیری و گەشتوگوزار و شوێنەوار، خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بۆ ئەو چاوپێکەوتنە و تاوتوێکردنی چەندین بابەتی گرنگ لەگەڵ دەستەی سەرۆکایەتی و لیژنەی رۆشنبیری پەرلەمان بەمەبەستی بەرزکردنەوەی ئەدای وەزارەت، بەشێوەیەک کە لەگەڵ قۆناغی ئێستا بگونجێت لە جێبەجێکردنی ئەو ڕۆڵەی کە لەسەر شانیەتی.

‎نووسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
‎چوارشەممە 24 شوباتی 2021