د.بەشیرحەداد، سەرکۆنەی هێرش کردنە سەر غالب محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران دەکات

د.بەشیر حەداد: داوا لە هێزە ئەمنییەکان دەکەین بەزووترین کات کەسی تاوانبار بدۆزنەوە و رادەستی دادگای بکەن

دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق سەرکۆنەی ئەو هێرشە دەکات کە ئێوارەی ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی کراوەتە سەر غالب محەمەد ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەمەش دەقەکەیەتی:

ئێوارەی ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی کەسێک بەشێوەیەکی ترسنۆکانە هێرشی کردە سەر هاوکارمان غالب محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و برینداری کرد.
ئێمە لێرەوە، ئەو هێرشە ئیدانە و شەرمەزار دەکەین و داوا لە هێزە ئەمنییەکان و بەرپرسانی یەکەی ئیداری سلێمانی دەکەین، بە زووترین کات کەسی هێرشکار بدۆزنەوە و رادەستی یاسای بکەن، تاوەکو سزای خۆی وەرگرێت و جارێکی دیکە کەس رێگە بەخۆی نەدا هێرش بکاتە سەر هیچ کەسێک، بەتایبەت پەرلەمانتاران کە نوێنەرانی خەڵکن.
لە هەمان کاتدا هیوای سەلامەتی و زوو چاکبوونەوەش بۆ هاوکارمان غالب محەمەد دەخوازین.

د.بەشیر خەلیل حەداد
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
هەینی ٢٦ی شوباتی ٢٠٢١