د.بەشیر حەدا : نامانەوێت ناکۆکییە سیاسییەکان کاریگەری بکەنە سەر یاسای دادگای باڵای فیدراڵی و دایماڵن لە ناوەڕۆکی یاسایی و دەستوری
رۆژی شەممە ٢٠٢١/٣/٦، دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق سەرۆکایەتی کۆبوونەوەی لیژنەی ياسايى ئەنجومەنی نوێنەرانی كرد به ئامادەبوونی سەرۆکی فراکسیۆنەکانی ئەنجومەنی نوێنەران.
لە کۆبوونەوەکەدا دکتۆر بەشیر حەداد جەختی لەسەر گرنگی پرۆژە یاسای دادگای باڵای فیدراڵی کردەوە و رایگەیاند، پێویستە ئەو ناکۆکیانە چارەسەر بکرێن کە لەسەر ئەو شەش مادەیەی یاسای دادگای باڵای فیدراڵی ماون و ئاماژەشی بە گرنگی یاسایەکەدا چونکە پەیوەندی راستەوخۆی بە پرۆسەی سیاسی و هەڵبژاردنی دیموکراتیانەوە لە وڵات هەیە.
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق راشیگەیاند:”نامەنەوێت ناکۆکییە سیاسیەکان کاریگەری نەرێنی بکەنە سەر یاسای دادگای باڵای فیدراڵی و دایماڵن لە ناوەڕۆکی یاسایی و دەستووری، و لەسەر فراکسیۆنە سیاسی و هێزە نیشتمانییەکانیش پێویستە بە رۆحێکی نیشتمانیانەوە هەوڵەکانیان چڕتر بکەنەوە بۆ تەواوکردنی گفتوگۆکان لەسەر هەموارە پێشکەش کراوەکان و پەسەندکردنی ئەو مادانەی کە ماون.”
حەداد ئاماژەشی بەوەدا “پەسەندکردنی ئەو یاسایە دەبێته سەرەتایەک بۆ پەسەندکردنی یاساى گرنگى دیکە وەک یاسای نەوت و گاز كە لە دەستووردا ئاماژەى پێ دراوە.”
نووسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
شەممە ٦ی ئاداری ٢٠٢١