د.بەشیر حەداد: پشتیوانی دەست پێشخەرییەکەی سەرۆک وەزیران دەکەین بۆ بانگهێشت کردنی گفتوگۆیەکی نیشتمانی راستەقینەی قوڵ لەسەر هەموو ئاستەکان

دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئاماژەی بە گوتارەکەی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق کرد، کە بەبۆنەی رێوڕەسمی ماڵئاوایی لە قەداسەتی پاپا فرانسیس پێشکەشی کرد و رایگەیاند، عێراق لە بەردەم دەرفەتێکی راستەقینەدایە بۆ گێڕانی رۆڵی مێژوویی خۆی لە ناوچەکە و جیھان، سەرەڕای ھەموو رێگرییەکان.
حەداد رایگەیاند:”پشتگیریى و پشتیوانیى دەست پێشخەرییەکەی سەرۆک وەزیران دەکەین، بۆ بانگھێشت کردنی بەڕێوەچوونی گفتوگۆیەکی نیشتمانی راستەقینەی قوڵ لەسەر ھەموو ئاستە فەرمی و حیزبی و کۆمەڵایەتییەکان و تەواوی ھێزە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان و ئۆپۆزسیۆن، بۆ کۆبوونەوە لەسەر مێزی گفتوگۆ و دانوستاندنەکان.”
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران ئاماژەشی بەوەدا کە بانگھێشتنامەکەی مستەفا کازمی بۆ گفتوگۆیەکی راشکاوانە لەگەڵ حکومەت لەسەر بنەمای بەرژەوەندی وڵات و ئاسایش و سەروەری، لەسەر بنەمای پاراستنی ئاسایشی عێراق و سەروەری یاسا گرنگە، و پێویستی بەردەوامی دانه بە گفتوگۆ و دانوستاندنەکان بۆ گەیشتن بە رێکەوتنێکی کۆتایی لە نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی ھەرێمی کوردستان و چارەسەری کێشە ھەڵپەسێردراوەکان نێوان ھەردوولا.”

نووسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
دووشەممە 8 ئاداری 2021