د.بەشیر حەداد: کولتووری پێکەوەژیانی ئاشتیانە لە وڵات، رووبەڕووی تەحەدیاتی سیاسی و ئەمنی و ئابووری و تەندروستی بووەتەوە

دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، جەختی کردەوە لەسەر گرنگی هاوکاری و هەماهەنگی نێوان دامەزراوەکانی حکومەت و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و چالاکییە کۆمەڵایەتییەکان بۆ بڵاوکردنەوەی کولتووری پێکەوەژیان و قبوڵ کردنی بەرامبەر.
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئاماژەشی بە چارەسەرکردنی هەڵەکانی سیستەمی دیکتاتۆری لە وڵات، بە تایبەت لەسەردەمی رژێمی پێشووی عێراق و هەڵگرتنی بەربەستەکان و نەهێشتنی هەستیاری نێوان ئەندامانی کۆمەڵگەی عێراقی و کارکردن بۆ دروستکردنی بنەماکانی پێکەوەژیانی ئاشتیانە لە نێوان ئەندامانی کۆمەڵگە کردەوە.
دکتۆر بەشیر حەداد، ئەم گوتانەی لە میانەی كۆنگرەيەك دا پێشکەش کرد کە لەلایەن لیژنەی پێکەوەژیانی ئاشتیانەی ئەنجومەنی نوێنەران لە هۆڵی محەمەد رەزا شەبیبی و لە ژێر ناوونیشانی (پێکەوەژیانی ئاشتیانە ناسنامەی کۆمەڵگەی عێراقییەکان)، بەڕێوەچوو کە سەرۆک و ئەندامانی لیژنەی پێکەوەژیانی ئاشتیانە و مافی مرۆڤ و ژمارەیەک لە پەرلەمانتاران و نوێنەرانی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە هەموو پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک نوخبە و لێکۆڵەر و چالاکوانی بواری مافی مرۆڤ تێیدا بەشدار بوون.
حەداد رایگەیاند: “کلتووری پێکەوەژیانی ئاشتیانە لە وڵات رووبەڕووی تەحەدیاتی سیاسی و ئەمنی و ئابووری و تەندروستی بووەتەوە، دامەزراوەی یاسادانان پشتگیری و پشتیوانی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و گشت هەوڵەکان دەکات بۆ تێپەڕاندنی ئەو تەحەدیاتانە و بەهێزکردنی رۆحی هاونیشتمانی بوون و گەشەسەندنی چالاکییەکان و گەشەپێدانی پێکەوەژیان و خۆشەویستی نیشتمان”.
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، جەختیشی لەسەر گرنگی دروستکردنی دەوڵەتی یاسا و دامەزراوەکان و رێکخستنی ئازادییەکان و رێگری کردن لە دروستکردنی کێشەو ناکۆکی لە نێوان پێکهاتەکانی و جێگیرکردنی ئاشتی کۆمەڵایەتی لەسەر بنەمای کرانەوە و گەشەپێدانی رۆحی برایەتی نێوان تەواوی پێکهاتەکانی کۆمەڵگە کردەوە.

نووسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
چوارشەممە 17 ئاداری 2021